تورکیا کۆتایی بە ئۆپراسیۆنی گارە هێنا و هێزەکانی پاشەکشە پێکرد



وەزیری بەرگری تورکیا رایگەیاند، کۆتاییان بە ئۆپراسیۆنەکەی چیای گارە هێناوە، کە پێنج رۆژی خایاند و هێزەکانیان پاشەکشە پێکرد.

 
خلوسی ئاکار، وەزیری بەرگریی تورکیا بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە لەگەڵ یاشار گولەر، سەرۆک ئەرکانی سوپای تورکیا و ژمارەیەک فەرماندەی باڵای سەربازی سەردانی ناوەندی بەڕێوەبردنی ئۆپەراسیۆنی "چڕنوکی هەڵۆ-2"یان لە پارێزگای شرناخ لەسەر سنور کرد و دواتر کۆتاییهاتنی ئۆپراسیۆنەکەی راگەیاند.

 
ئاکار لەو بنکە سەربازییە رایگەیاند کە کۆتاییان بە ئۆپراسیۆنەکانی چڕنوکی هەڵۆ -٢ یان هێناوەو هێزەکانیان گەڕاندۆتەوە شوێنەکانی خۆیان.

 
سوپای تورکیا لەم ئۆپراسیۆنەدا رایگەیاند کە زیاتر لە ٣٠ گەریلایان کووشتووەو دوانیشیان بەدیل گرتووە، بەڵام پەکەکە تا ئێستا هەواڵ و زانیاری تەواوی کۆتایی شەڕی رانەگەیاندووە، لە راگەیاندنەکانی پێشوویدا باس لە کوژرانی زیاتر لە ٣٠ سەرباز و شکستی هێرشەکە دەکات و پێدەچێت لە کاتژمێرەکانی ئایندەدا زانیاری لەسەر سەرجەم ئۆپراسیۆنی چیای گارە بڵاوبکاتەوە.

 


AM:09:59:14/02/2021