لەبارەی دەستگیرکردنی چالاکوانانەوە لەسەر بیروڕا..پارێزگاری دهۆک وەڵامی یەکێتی دەداتەوە

لەوەڵامی یەکێتی لە بارەی دەستگیرکردنی هاوڵاتیان لەسەر ئازادی رادەربڕین لە دهۆک، راگەیاندنی پارێزگای دهۆک " ئازادی سیاسی و رادەربڕین لەگەڵ جاسووسی، قاچاخچیێتی، فرۆشتنی چەک و تەقەمەنی بە گرووپی چەکدار جیاوازە. هەموو ئەو کەسانەشی لە پارێزگای دهۆک دەستگیرکراون بە بڕیاری دادگە بووە و هەر دادگەش بڕیار لەبارەی چارەنووسیان دەدات."

 
میلەت عیسمەت، سکرتێری رۆژنامەوانی پارێزگای دهۆک لەوەڵامی یەکێتی لە راگەیاندنێکدا دەڵێت " گرتن بە بڕیاری دادگە باشترە لە کوشتن، تۆقاندن، سووتان و تەقەکردن لە بارەگای بەڕێوەبەری مەدەنی، بوونی ئارامی و ئاسایش باشترە لە ئاژاوە و بەڕەڵایی. پارێزگای دهۆک خاوەنی هەیە و جێگەی جاسووس، قاچاخچی و ئاژاوەگێڕی تێدا نابێتەوە و پاراستی سەر و ماڵی هاووڵاتیان گرنگترین ئەرکی لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانە کە لە چوارچێوەی یاسادا جێبەجێ دەکرێت."

 
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەی پارێزگای دهۆکدا هاتووە "پارێزبەندی یاسایی لەسەر هیچ ئەندامێکی لایەنی سیاسیی حیزبەکان نییە، بەڵام کاتێک تووشی سەرپێچی سیاسی دەبن، هەمووان بەرامبەر یاسا وەکو یەکن." 

 
جگە لە راگەیاندنی مەڵبەندی یەکێتی لە دهۆک کە دوو رۆژ لەمەوبەر بڵاویانکردەوە، ئەمڕۆش ١٤ ی شوبات ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا وتی " سەركۆنەی هەموو جۆرە گرتن و زیندانیكردنێك لەسەر بیروڕای ئازاد و چالاكی سیاسی و مەدەنی كرا، بەتایبەت لە دەڤەری بادینان، بۆیە داوای ئازادكردنی بەپەلەی سەرجەم گیراوان دەكات لە رۆژنامەنووسان، چالاكانی مەدەنی، كادیرانی یەكێتی و حیزبەكانی دیکە." 

 
ژمارەیەک رۆژنامەنووس و چالاکوان لە کاتی جیاجیادا لە مانگی حوزەیرانی ساڵی پارەوە دەستگیرکراون و کەمترین رێگا بە پارێزەرەکانیان و کەسوکاریان دراوە، چاوپێکەوتنیان لەگەڵدا بکەن.

 


AM:12:18:15/02/2021