ناوەڕۆکی کۆبونەوەی وەفدی باڵای حکومەتی هەرێم و سەرۆک کۆماری عێراق بڵاوکرایەوە

سەرۆک کۆماری عێراق لەبارەی پرسی بودجە و مووچەی مووچەخۆرانی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ قوباد تاڵەبانی و فراکسیۆنە کوردستانییەکان کۆبووەوە. 

 

نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆک کۆماری عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ دووشەممە د. بەرھەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عێراق لە بەغدا پێشوازیکرد لە قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیرانی ھەرێمی کوردستان و سەرۆکی شاندی دانوستانکاری حکومەتی ھەرێم بۆ بەغدا و سەرۆکی فراکسیۆنە کوردستانییەکان، بەئامادەبوونی بەشیر حەداد، جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق و فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق و سەبارەت بە دواین گۆڕانکارییەکانی دانوستانی نێوان حکومەتی ھەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ و چارەسەرکردنی کێشە ھەڵپەسێردراوەکان گفتوگۆکرا.

لە کۆبوونەوەکەدا جەختکرایەوە لە گرنگی چارەسەرکردنی کێشە ھەڵپەسێردراوەکانی نێوان ھەردوو حکومەتی ھەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ و گەیشتن بە رێگاچارەی بنەڕەتی و کۆتایی لەسەر بنەمای دەستوور و یاسا و پاراستنی بژێوی ژیانی سەرجەم ھاووڵاتیانی عێراق و ھەرێمی کوردستان و مووچەی مووچەخۆران دوور لە ململانێ سیاسییەکان. 

لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا بەگرنگییەوە باس لە پاراستنی پشکی ھەرێمی کوردستان کرا لە بودجەی گشتی ساڵی 2021 و زامنکردنی مافی تەواوی ناوچە و پێکھاتەکان لەسەر بنەمای دادپەروەری و پاراستنی مافی سەرجەم ھاووڵاتیان و پێویستی کۆتایی ھێنان بەقەیرانی مووچە و بژێوی ژیانی خەڵک و کەمکردنەوەی لێکەوتە داراییەکان لەسەر ھاووڵاتیان.



PM:06:05:15/02/2021