پارەی جواتیارانی هەرێم دابەشدەکرێت

ئەندامی پەرلەمانی عێراق. موسەنا ئەمین رایگەیاند" لە سبەینێ وە نیوەی پارەی سێ ساڵی گەنمی جوتیارانی هەرێم لەلایەن بەغداوە خەرجدەکرێت، دوای ئەوەی دوایین بڕیاری لەسەر دراوە".

  
  
لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک لە لایڤێکدا موسەنا ئەمین ئاشکرای دەکات" کەمێک لەمەوبەر بەڕێوەبەری گشتی کۆمپانیای دانەوێڵە سەر بە وەزارەتی کشتوکاڵ ئاگاداریکردووەتەوە کە بریاری خەرجکردنی نیوەی پارەکە دراوە کە بڕەکەی ٢٦٨ ملیار و ٨٩٢ ملیۆن دیناری پارەی گەنمی ساڵانی ٢٠١٤-٢٠١٥-٢٠١٦ ی جوتیارانی هەرێمە".

 

  ئەو پەرلەمانتارە دەشڵێت " بەپێی وتەی بەڕێوەبەری گشتی کۆمپانیای دانەوێڵە، لە سبەینێ وە چەکەکان رادەستی پارێزگاکان دەکرێت تا شایستەی دارایی جوتیاران خەرجبکرێت".

  
پەرلەمانتارەکەی یەکگرتوو، ئاماژە بۆ ئەوە دەکات " کۆی ئەو پارەیە پێنج سەد و حەفتا و شەش ملیار و هەشت سەد و هەشتا و پێنج ملیۆن دینارە و سازش نەکراوە لە نیوەکەی تر و بەڵێندراوە ئەو نیوەیەی دیکەش لە نزیکترین کاتدا خەرجبکرێت".

  
موسەنا ئەمین دەشڵێت" سەرەڕای خەرجکردنی نیوەی ئەو پارەیە، ئەو پارەیەی ساڵی رابردووش خەرجدەکرێت کە ماوەتەوە و هێشتا خەرجنەکراوە".

کێشەی پارەی فرۆشتنی گەنمی جوتیارانی هەرێم بە بەغدا بۆتە یەکێک لە کێشە هەڵپسێردراوەکانی نێوان بەغداو هەرێم.

 


AM:09:19:16/02/2021