حکومەتی هەرێم لەبارەی دەستگیراوەکانی بادینان وەڵامی رێکخراوی (CPJ) دەداتەوە

نوسینگەی هەماهەنگی نێودەوڵەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەوەڵامی رێكخراوێكی نێودەوڵەتیدا كە داوای ئازادكردنی سزادراوانی بادینانی كردبو، دەڵێت" دەستگیرکراوانی بادینان پلانیان بۆ تێکدانی سەقامگیریی هەرێمی کوردستان هەبووە". 

 

نوسینگه‌ی هه‌ماهه‌نگی نێوده‌وڵه‌تی لە حکومەتی هەرێمی کوردستان لەراگەیەنراوێکدا وەڵامی ڕێکخراوی کۆمیتەی پاراستنی ڕۆژنامەوانان CPJ دەداتەوەو ڕایگەیاند" بەڵگەکان ئەوە دەسەلمێنن کە ئەو کەسانە رۆژنامەنوسییان بۆ مەبەستی سیاسی خۆیان بەکارهێناوە. لەگەڵ ئەوەش، تۆمەتباران لە سەندیکای رۆژنامەنووسانی هەرێمی کوردستان ناویان تۆمار نەکردووە و کاریشیان بۆ هیچ دامەزراوەیەکی میدیایی نەکردووە". 

 

ڕاشیگەیاندووە" بەڵگەکان بریتین لە گرتنی وێنەی ناوچەی قەدەغەکراوی ئەمنی و دەنگەنامە کە تێیدا باس لە هەڵگرتنی چەک دەکرێت دژی حکومەت. تۆمەتباران ئۆتۆمبێلی بێ بەڵگەیان بەکارهێناوە کە چوار مەغزەنی کڵاشینکۆڤ، تاپڕ و دوربینی سەربازیی تێدابوە".

 

ئەوەش هاتووە، یەکێک لە تۆمەتباران هەوڵی وەرگرتنی زانیاری لەبارەی شوێنی بۆردومانی فڕۆکە جەنگییەکانی سەر سنور و تاکتیکی سەربازی پێشمەرگە لە روبەڕوبونەوەی تیرۆر داوە. هەروەها چاودێری چالاکییەکانی بەرپرسانی سەربازییان کردوە. ئەم زانیارییانە کە لە رێکخراوە ناحکومییەکان و هاوبەشە دەرەکییەکانیان وەریانگرتوە بڵاوکردوەتەوە. ئەم بەڵگانە ئەوە دەسەلمێنن کە ئەو کەسانە رۆژنامەنوسیان بۆ مەبەستی سیاسی خۆیان بەکارهێناوە.

 

ده‌قی راگه‌یه‌ندراوه‌كە: 

لە وەڵامی لیژنەی پاراستنی رۆژنامەنوسان، سی پی جەی، تۆمەتباران دادگایی کراون لەسەر بنەمای یاسای سزادانی عێراقی کە لەلایەن پەرلەمانی کوردستانەوە پەسەند کراوە.

دادگای تاوانی هەولێر بڕیاری لەسەر سزادانی پێنج داواکراودا. بڕیارەکە لە لایەن سی پی جی رەخنەی لێگیرا و داوای لە دادگا کرد، بڕیارەکان هەڵبوەشێنێتەوە و سزای سەر سزادراوان بەبێ گوێدانە بەڵگە و دانپێدانانەکان هەڵبگرێت.

بەم بۆنەوە، نوسینگەی هەماهەنگی نێودەوڵەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەم راگەیەندراوە بڵاودەکاتەوە:

بەگوێرەی ماددەی 125 لە یاسای رێکارەکانی دادگا ژمارە 23 ساڵی 1971، بڕیارەکە مایەی تانە لێدانە جا لە رێگای راستەوخۆ گواستنەوەی دۆسییە لە رێگای دادوەرەوە بۆ دادگای تێهەڵچونەوە یاخود لە رێگای تانەی خێزان یان پارێزەری سزاداراو لە ماوەی سێ رۆژ دوای بڕیارەکە. ئەو دادوەرەی بڕیارەکەی داوە، دۆسییەکەی رەوانەی دادگای تێهەڵچونەوە کردوە کە دۆسییەکە یەکلا دەکاتەوە لە رێگای پێداچونەوە و دڵنیابونەوە لە بەڵگە و لێدوانی تۆمەتباران.

داواکراوان بەگوێرەی ماددەی 165 و بەگوێرەی یاسای سزادانی عێراقی ژمارە 111 ساڵی 1969 کە لە لایەن پەرلەمانی کوردستانەوە بە ژمارە 23 لە ساڵی 2003 پەسەندکراوە، دادگایی کراون.

بەڵگەکان ئەوە دەردەخەن، تۆمەتباران لە رێگای سۆشیاڵ میدیا و گروپی دانوستان، پلانیان بۆ تێکدانی سەقامگیریی هەرێمی کوردستان هەبوە. بەڵگەکان بریتین لە گرتنی وێنەی ناوچەی قەدەغەکراوی ئەمنی و دەنگە نامە کە تێیدا باس لە هەڵگرتنی چەک دەکرێت دژی حکومەت. تۆمەتباران ئۆتۆمبێلی بێ بەڵگەیان بەکارهێناوە کە چوار مەغزەنی کڵاشینکۆڤ، تاپڕ و دوربینی سەربازیی تێدابوە.

یەکێک لە تۆمەتباران هەوڵی وەرگرتنی زانیاری لەبارەی شوێنی بۆردومانی فڕۆکە جەنگییەکانی سەر سنور و تاکتیکی سەربازی پێشمەرگە لە روبەڕوبونەوەی تیرۆر داوە. هەروەها چاودێری چالاکییەکانی بەرپرسانی سەربازییان کردوە. ئەم زانیارییانە کە لە رێکخراوە ناحکومییەکان و هاوبەشە دەرەکییەکانیان وەریانگرتوە بڵاوکردوەتەوە. ئەم بەڵگانە ئەوە دەسەلمێنن کە ئەو کەسانە رۆژنامەنوسیان بۆ مەبەستی سیاسی خۆیان بەکارهێناوە. لەگەڵ ئەوەش، تۆمەتباران لە سەندیکای رۆژنامەنووسانی هەرێمی کوردستان ناویان تۆمار نەکردوە و کاریشیان بۆ هیچ دامەزراوەیەکی میدیایی نەکردوە. تایبەتمەندی رۆژنامەنوسیان نییە، تا وەک رۆژنامەنوسێک بەرگریان لێ بکرێت.

یەکێک لە تاوانباران دانی بەوەدا ناوە، لە گروپێکی دانوستان ''چات'' دەرکراوە چونکە چالاک نەبوە و ئامادە نەبوە کارەکان ئەنجام بدات، دواتریش لە دادگا دانی بە هەڵەی خۆی بۆ چونە ناو ئەو گروپە ناوە.

هەندێک تۆمەتکراوە بەوەی ئەم کەسانە لە ژێر فشار دانیان بە تاوانەکان ناوە، بۆ نەهێشتنی ئەم گومانە، لیژنەی نێودەوڵەتی خاچی سور و یۆنامی، مافی سەردانکردنی زیندانەکانیان هەبوە. پێشتر ئەوان رایانگەیاندبو، ژینگە و دۆخی دەستگیرکراوان لە ئاست بنەما نێودەوڵەتییەکانە.



PM:09:48:17/02/2021