١٦ دەزگای میدیایی و رۆشنبیری: ئازادی رۆژنامەگەری‌ و رادەربڕین لەسایەی حکومەتی هەرێم بە چرکەساتێکی مەترسیداردا تێپەڕدەبێت

١٦ دەزگای میدیای و رۆشنبیری کە ناوەندەکانیان لە هەولێر و سلێمانی یە، رایدەگەیەنن " ئازادی رۆژنامەگەری و ئازادی رادەربڕین لە سایەی حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراقدا بە چرکەساتێکی مەترسیداردا تێپەڕدەبێت؛ ئێستا تەواو ئاشکرا بووە کە دەسەڵادارانی هەرێمی کوردستان چیتر هیچ رێزێک بۆ ئازادی رۆژنامەوانی و ئازادی رادەربڕین دانانێن".

 

لە بەیاننامەیەکی ناڕەزاییدا ١٦ دەزگای میدیایی و رۆشنبیری کە ناوەندەکانیان لە سلێمانی و هەولێرە رایدەگەیەنن" لە دوایین پەرەسەندنی ترسناکدا، دادگای تاوانەکانی هەولێر- کوردستانی عێراق سزای شەش ساڵ زیندانی بۆ هەریەكە لە پێنج رۆژنامەنوس و چالاکوانی مەدەنی دهۆک و هەولێر دەرکرد، کە پێنج مانگ لەمەوبەر دەستگیركرابون. بڕیارەكە ناڕەزایی توندی رۆژنامەنوسان، پارێزەران، چالاكوانانی مەدەنیی و پەرلەمانتارنی بەدواداهات. ئەو پێنج رۆژنامەنوس و چالاکوانە (شێروان شێروانی، گۆهدار محەمەد، ئەیاز کەرەم، شڤان سەعید و هاریوان عیسا) رۆژی سێشەممە 16ی شوباتی ٢٠٢١ لە دووەم رۆژی دانیشتنی دادگادا بە "هەوڵدان بۆ تێکدانی ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان"، تاوانباركران و بڕیاردرا بە شەش ساڵ زیندانی حوكم بدرێن".

 

هەروەها ئەو دەزگایانە دەڵێن " دادگاکانی هەرێمی کوردستانی عێراق لەباتی پەنابردنە بەر پیادەکردنی یاسای کاری رۆژنامەگەری لە هەرێمی کوردستان (ژمارە ٣٥ی ساڵی ٢٠٠٧)و یاسای رێکخستنی خۆپیشاندان لە هەرێمی کوردستان (ژمارە ١١ی ساڵی ٢٠١٠) کە لەلایەن پەرلەمانی کوردستانەوە دەرچوون، رۆژنامەنووسان و چالاکوانان بە یاسای (ژمارە ٢١ی ساڵی ٢٠٠٣) دادگایی دەکەن کە پاشماوەی ماددەی ١٥٦ی یاسای ژمارە ١١١ی یاسای سزادانی سەردەمی بەعسەو لە ساڵی ٢٠٠٣دا لە پەرلەمانی کوردستان هەموار کراوە، بۆ ئەوەی توندترین سزایان بەسەردا بسەپێنن و چاوترسێنیان بکەن".

 

بەیاننامەی ناڕەزایی 

 
ئازادی رۆژنامەگەری و ئازادی رادەربڕین لە سایەی حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراقدا بە چرکەساتێکی مەترسیداردا تێپەڕدەبێت؛ ئێستا تەواو ئاشکرا بووە کە دەسەڵادارانی هەرێمی کوردستان چیتر هیچ رێزێک بۆ ئازادی رۆژنامەوانی و ئازادی رادەربڕین دانانێن.

 
لە دوایین پەرەسەندنی ترسناکدا، دادگای تاوانەکانی هەولێر- کوردستانی عێراق سزای شەش ساڵ زیندانی بۆ هەریەكە لە پێنج رۆژنامەنوس و چالاکوانی مەدەنی دهۆک و هەولێر دەرکرد، کە پێنج مانگ لەمەوبەر دەستگیركرابون. بڕیارەكە ناڕەزایی توندی رۆژنامەنوسان، پارێزەران، چالاكوانانی مەدەنیی و پەرلەمانتارنی بەدواداهات. ئەو پێنج رۆژنامەنوس و چالاکوانە (شێروان شێروانی، گۆهدار محەمەد، ئەیاز کەرەم، شڤان سەعید و هاریوان عیسا) رۆژی سێشەممە 16ی شوباتی ٢٠٢١ لە دووەم رۆژی دانیشتنی دادگادا بە "هەوڵدان بۆ تێکدانی ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان"، تاوانباركران و بڕیاردرا بە شەش ساڵ زیندانی حوكم بدرێن.

 
پارێزەرانی دەستگیرکراوان و ئەو چاودێر و ئەندام پەرلەمانانەی لە دادگاییەکەدا ئامادەبوون جەختیان لەوە کردۆتەوە کە هیچ بەڵگەیەکی باوەڕپێکراو لە دادگا نەخراوەتەڕوو کە تۆمەتەکان بەسەر رۆژنامەنووس و چالاکوانەکاندا بسەلمینێت، هەروەها دانپێدانانی هیچ کەسێکیان نەخرایە بەردەم دادوەر سەبارەت بە تۆمەتی جاسوسی و کودەتا وەک ئەوەی ئەوان دەڵێن. ئەوەی هەیە تەنیا هەندێک چاتی شەخسی فەیسبوک و گروپ چاتی نێوان رۆژنامەنوسان و چالاکوانانە.

 
پەرەسەندنی لەو شێوەیە مەترسییەکی گەورەیە؛ دادگاکانی هەرێمی کوردستانی عێراق لەباتی پەنابردنە بەر پیادەکردنی یاسای کاری رۆژنامەگەری لە هەرێمی کوردستان (ژمارە ٣٥ی ساڵی ٢٠٠٧)و یاسای رێکخستنی خۆپیشاندان لە هەرێمی کوردستان (ژمارە ١١ی ساڵی ٢٠١٠) کە لەلایەن پەرلەمانی کوردستانەوە دەرچوون، رۆژنامەنووسان و چالاکوانان بە یاسای (ژمارە ٢١ی ساڵی ٢٠٠٣) دادگایی دەکەن کە پاشماوەی ماددەی ١٥٦ی یاسای ژمارە ١١١ی یاسای سزادانی سەردەمی بەعسەو لە ساڵی ٢٠٠٣دا لە پەرلەمانی کوردستان هەموار کراوە، بۆ ئەوەی توندترین سزایان بەسەردا بسەپێنن و چاوترسێنیان بکەن، لەم رێگەیشەوە بواری ئازادیی بیروڕادەربڕین تا دوا ئاست بەرتەسک بکەنەوە. بەدڵنیاییەوە ئەو پەرەسەندنەش هانی زیاتری سانسۆرکردن و خود-سانسۆرکردن دەدات. شاراوە نیە رژێمی بەعس ئەو یاسایەی بەتایبەت بۆ سەرکوتکردنی ئازادی، لێدان و لەناوبردنی هەموو نەیارێکی خۆی دانابوو.

 
ئێمە ئەو دامەزراوانەی بڵاکردنەوەو راگەیاندن کە لە خوارەوە ناومان هاتووە، داوا لە رێکخراوەکانی پاراستنی ئازادی رۆژنامەگەری و ئازادی رادەربڕین دەکەین کە پاڵپشتی هاوکارە رۆژنامەنوس و دامەزراوەکانیان و ڕێکخراوەکانی بواری ئازادی رادەربڕین لە کوردستانی عێراق بکەن تا دەستبەجێ سزای ئەو پێنج رۆژنامەنوس و چالاکوانە هەڵبووەشێنرێتەوە.

 
لەم دۆخە ترسناکەدا هەڵوێستی دەستبەجێ، کاریگەری گەورەی دەبێت.


ناوی دامەزراوەکان:
دامەزراوەی میدیایی نالیا- سلێمانی
کەرکووک ناو- کەرکووک
دەزگای ستاندەر بۆ توێژینەوەو راگەیاندن- هەولێر
دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم- سلێمانی
گۆڤارو ماڵپەڕی سپی میدیا- سلێمانی
دامەزراوەی میدیایی شار پرێس- سلێمانی
سەنتەری میترۆ بۆ داکۆکی لە مافی رۆژنامەنووسان- سلێمانی

راگەیاندنی ئازادی- حیزبی شیوعی کوردستان- هەولێر
سایتی درەو میدیا- سلێمانی
تۆڕی میدیایی کۆمەڵ- سلێمانی
کەناڵی سپێدە- هەولێر
دەزگای میدیایی وێستگە- سلێمانی
ماڵپەڕو رادیۆو تەلەفزیۆنی ئێستا- هەولێر
رادیۆی دەنگ- کەلار
کەناڵی هیوا- هەولێر
رۆژنامەو ماڵپەڕی ئاوێنە- سلێمانی

١٩-٠٢-٢٠٢١ کوردستانی عێراق 

 


PM:12:35:20/02/2021