حکومەتی هەرێم لەسەر دوا پێشکەوتنی گفتوگۆکانی هەرێم‌و بەغدا زانیاری بڵاودەکاتەوە

وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان هەرچەندە باس لەوە دەکات کە وەفدی هەرێم نەرمی زۆر باشیان نواندووە تاوەکو لەگەڵ حکومەتی عێراق بگەنە رێککەوتن و لەوبابەتەشدا زۆر جدیین، بەڵام مەترسی خۆشی ناشارێتەوە کە بابەتەکە ئاڵۆزەو هەندێک لایەن دەیانەوێت رێککەوتنی هەرێم و بەغدا بە ئاڕاستەیەکی دیکەدا بەرن.


جوتیار عادل وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە میدیاکانی پارتی راگەیاندووە، "ئێمە وەک حکومەتی هەرێم لەگەڵ حکومەتی عێراق لەبارەی بودجەوە پێشتر رێککەوتوین لەو رێککەوتنەشدا بڕگەیەکی تێداییە، کە هەرێم ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوت رادەستی بەغدا بکات یان داهاتی ٢٥٠ هەزار بەرمیل نەوت و نیوەی داهاتی ناوخۆ بداتە بەغدا."


دەشڵێت"حکومەتی هەرێم نەرمی زۆر باشی نواندووە، تاوەکو لەگەڵ حکومەتی عێراق بگاتە رێککەوتن بۆ ئەو مەبەستەش زۆر جدییە، بەڵام لە راستیدا تا ئێستا بابەتێکی ئاڵۆزە".


جوتیار عادل پێوایە هەندێک هێز و لایەن هەوڵیانداوە رێککەوتنی نێوان هەرێم و بەغدا بە ئاڕاستەیەکی دیکە ببەن و بەغدا داوای گرەنتیان کردووە لە هەرێم بۆ پابەندبوون بە رێککەوتنی هەردوولا و ئێمەش بە هەمان شێوە داوای گرەنتی پابەندبونی ئەوانمان کردووە".


جوتیار عادل دەشڵێت، "لەم رۆژانەدا جارێکی دیکە شاندی هەرێم سەردانی بەغدا دەکاتەوە، بۆ چارەسەرکردنی ئەو بابەتانەی لە نێوان هەردوولادا ماوەتەوە، بە تایبەت وەکو پشکی هەرێم لە بودجەی گشتی عێراقدا و گرفتی سەرەکی رێکنەکەوتنی نێوان هەرێم و بەغدا تاوەکو ئێستا بریتی بووە لە نەبوونی متمانە لە نێوان هەردوولادا ".
 


PM:08:03:20/02/2021