موراد قەرەیڵان بۆ سولەیمان سۆیلو: ئەوە قسەی سیاسەت مەدار نییە، رۆڵەی خەڵکی مەدە بەکوشت خۆت وەرە

فەرماندەی هێزەکانی پاراستنی گەل، موراد قەرەیڵان وەڵامی سولەیمان سۆیلو وەزیری ناوخۆی تورکیا دەداتەوە کە وتبووی” بەڵێن دەدەم قەرەیلان بکوژم و تەرمەکەی ئەنجن ئەنجن بکەم” دەڵێت " ئەوە قسەی سیاسەتمەدارێک نییە بەڵکو قسەی کۆڵان و بازاڕە، بەڵام دیوی ڕاستی مەترسیداری عەقڵیەتی فاشیزمی تورک نیشان دەدات، کە تاچەندە دڕندەیە، ئێمە کە بووینەتە شۆڕشگێڕ ڕێگەی مردنیشمان لەپێش چاو گرتووە و ترسمان نییە، بەڵام با سولەیمان بۆ خۆی بێتە مەیدان و لەناو کۆشکەکانەوە قسە نەکات، ڕۆڵەی خەڵک نەنێرێت و نەیدا بە کوشت”.


بۆ یەکەمجار دوای هێرشی سەر چیای گارە، لە چاوپێکەوتنێک لەگەڵ تەلەفزیۆنی ستێرک، موراد قەرەیڵان فەرماندەی هێزەکانی پاراستنی گەل، دەڵێت" قەرەیلان سەرەتا ئەو ١٥گەریلایەی وەبیر هێنایەوە، کە لە بەرخۆدانی گارەدا شەهید بوون و ڕایگەیاند، ئەو گەریلانە داستانیان خولقاند، لەسەر ئامانج لە هێرشکردنە سەر گارەش وتی”دەسەڵاتی ئاکەپە-مەهەپە-ئەرگەنەکۆن بە مەبەستی بەدەستهێنانی سەرکەوتنێک لە هەڵبژاردنی پێشوەختەدا بۆ داگیرکردنی گارە هێرشیان کرد، بەڵام تارومار بوون و تێکشکان و لەجیاتی ڕزگار کردن، دیلەکانی خۆیان کوشت، بەرخۆدانی گارە وای لە ئەردۆغان کرد، بە ڕاشکاوانە بڵێت لە بەرامبەر گەریلا شکستمان هێنا “.


فەرماندەی هەپەگە ژمارەی ئەو هێرشانە ئاشکرا دەکات کە لەماوەی ساڵ و نیوێکدا کردوویانەتە سەر گەریلا و وتی " لە شەش ساڵی ڕابردوودا دەوڵەتی ئاکەپە-مەهەپە-ئەرگەنەکۆن لە هەموو جۆرە دەرفەتێک کەڵکیان وەرگرتوە بۆ شەڕکردن لەدژی کوردان، تەنها لە ماوەی یەک ساڵ و نیودا ١٠ جار ئۆپەراسیۆنیان لەدژی گەریلا پێکهێناوە، بەڵام سەرکەوتوو نەبوون".


قەرەیلان ئاشکراشی کرد، لە هێرش بۆسەر گارە، ٢٠ فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی سیخوڕی و ٤١ فڕۆکەی جەنگی ئێف ١٦ چوار ڕۆژ هێرشییان کرد، سەربازانی تورک لە لایەن گەریلاکانەوە گەمارۆ درابوون و بە تاکتیکی هاوچەرخ گورزیان لێدان، بۆ ڕزگار کردنی خۆیان گازی کیمیاویان بەکارهێنا و دیلەکانیان کوشت و هەڵهاتن.


لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا موارد قەرەیلان وەبیری هێنایەوە، کە تاکو ئێستا بە سەدانجار سەربازانی دیلیان بەرداوە، لەسەر کوشتنی دیلەکانیش ڕایگەیاند، کە ئەوان لە شەڕکردندا پابەندی یاسای نێودەوڵەتین وداواشیکرد، شاندێکی نێودەوڵەتیی سەربەخۆ بچنە گارە و لەسەر تەرمی گەریلا شەهیدەکان و ئەو کامپەی کە بۆردومان کراوە لێکۆڵینەوە بکەن.


دەربارەی پەیوەندی پەکەکەو حیزبەکانی پارچەکانی کوردستان، موراد قەرەیلان، ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوەبەریی پەکەکە و فەرماندەی بڕیارگەی ناوەندی هەپەگە، داوایەکی ئاڕاستەی پارت و لایەنە کوردستانییەکان بە تایبەتی حزبەکانی باشووری کوردستان کرد.

 
قەرەیلان لە قسەکانیدا سەرنجی ڕاکێشایە سەر ئەوەی کە لە هێرش بۆسەر گارەدا دەوڵەتی تورک هەوڵیدا بە شەڕێکی تایبەت کوردان بێنێتە بەرامبەریەک و بانگەشەی ئەوەیان دەکرد، کە پێشمەرگەش بە جلی سەربازانی تورکەوە بەشداریی ئەو هێرشەیان کردوە بۆسەر گەریلا و بەم شێوازە دەیانویست لەنێوان کورداندا ئاژاوە بنێننەوە، بەڵام ئێمە ئەو پڕوپاگەندەمان پووچەڵ کردەوە.

 
موراد قەرەیلان، ئاماژەی بەوەش کرد، کە دووژمنان و داگیرکەران کوردستان سەرەڕای ئەوەی دەستیان لە خوێنی یەکتردایە، بەڵام کە بابەت دەبێتە پرسی کورد هەموویان دێنە لای یەک و یەکدەگرن، بە تایبەتی یەکێتی فاشیزمی تورک لە سەر دژایەتی کردنی کوردان پێکهاتووە، ئەگەر ئەمە سەرنەگرێت ئەوا فاشیزمەکەیان هەڵدەوەشێتەوە.

 
بۆ " سەرنەگرتنی فاشیزمی تورک"، موراد قەرەیلان بانگەوازییەکی ئاڕاستەی لایەنە کوردستانییەکانی ڕۆژئاوا، ڕۆژهەڵات، باکوور و باشووری کوردستان بە تایبەتی یەکگرتووی ئیسلامی، گۆڕان، یەنەکە، کۆمەڵی دادگەری کوردستان و پەدەکە کرد کە، وەرن لەگەڵ پەکەکەدا بەرەیەکی یەکگرتووی بەهێز دروست بکەن و بەو شێوازە پاراستنی دەستکەوتەکانی کوردان مسۆگەر بکەن.

 


PM:03:28:23/02/2021