وەزارەتی پلاندانانی حكومەتی هەرێم لەبارەی دابەشکردنی بودجەی پڕۆژەکان رونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە

وەزارەتی پلاندانانی حكومەتی هەرێمی كوردستان روونكردنەوەیەكی لەبارەی ڕێژەی دروستی دابەشبوونی بودجەی پرۆژەكان بەسەر پارێزگاكانی هەرێم بڵاوکردەوەو دەڵێت" وەزارەتی پلاندانان بۆ دابەشكردنی بودجەی پرۆژەكان بە شێوازی 57% بە 43% بووە، بە شێوەیەك كە 34% بۆ هەولێر، 23% بۆ دهۆك، %43 بۆ سلێمانی و لەم كابینەیە پشكی هەڵەبجە لە 2% كرایە 3%". 

 

دەقی ڕوونکردنەوەکە: 

 

دوێنێ لە بەرنامەی (لەگەڵ ڕەنج)ـی كەناڵی ڕووداودا، یەكێك لە بەشداربوانی بەرنامەكە بە ناوی (بەیار ملازم عومەر) بە بێ هیچ بنەمایەك چەند ڕێژەیەكی لەبارەی شێوازی دابەشبوونی بودجە و پرۆژەی پارێزگاكانی كوردستانەوە خستەڕوو، وێڕای ڕەتكردنەوەی ئەو ڕێژە و ژمارانە كە ئەو بەڕێزە ئاماژەی پێدابوو، بە پێویستمان زانی لە ڕێگەی ئەم ڕوونكردنەوەوە ڕێژەی دروستی دابەشبوونی بودجەی پرۆژەكان بەسەر پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان بخەینە ڕوو.

وەزارەتی پلاندانان بۆ دابەشكردنی بودجەی پرۆژەكان بە شێوازی 57% بە 43% بووە، بە شێوەیەك كە 34% بۆ هەولێر، 23% بۆ دهۆك، %43 بۆ سلێمانی ولەم كابینەیە پشكی هەڵەبجە لە 2% كرایە 3%.

لەكارنامەی وەزارەتمان لەم كابینەیە هەمان ڕێژە پەیڕەو كراوە" لە ئێستاشدا كە سەرقاڵی ئامادەكاریی بودجەی 2021ـی هەرێمین هەمان بنەما پەیڕەو دەكەین.

ئەمڕۆش لە كۆبوونەوەی بەڕێزان سەرۆكی حكوومەت و جێگری سەرۆكی حكومەت بە ئامادەبوونی وەزیرە پەیوەندیدارەكان و پارێزگارەكان ڕەزامەندیی درا لەسەر تەرخانكردنی بڕی 349,702,000,00 سێسەد و چل و نۆ ملیار و حەوت سەد و دوو ملیۆن دینار بۆ پرۆژە لە هەر چوار پارێزگای هەرێم و بەپێی هەمان ڕێژەی ئاماژەپێدراو ئەم بڕە تەرخانكراوە بەسەر پارێزگاكاندا دابەش دەكرێت.

جێی ئاماژەیە، لە سەرەتای دەستبەكاربوونی كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێم وەتاكوو ئێستا بڕی 366,749,000,000 سێسەد و شەشت و شەش ملیار و حەوت سەد و چل و نۆ ملیۆن دینار بۆ پرۆژەكان سەرف كراوە و لەو بڕەش 50% ـی بۆ پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە بووە.

هەرلەكابینەی نۆیەم  بۆ سلێمانی پارە بۆ 112 پرۆژە خەرجكراوە  كە دەكاتە 173 ملیار دینار و بەهەمان شێوە نزیكەی 10 ملیار دینار بۆ پارێزگای هەڵەبجە خەرجكراوە.

لێرەوە ڕای دەگەیەنین وەزارەتی پلاندانان بەشێوەیەكی سیستەماتیكی كاری كردوە و بەهیچ شێوەیەك ناحەقی لەدابەشكردنی پرۆژەكان نەكردوە و ناشكرێت.

PM:09:38:23/02/2021