ئەمەریکای سەردەمی بایدن یەکەم گورزی سەربازی ئاراستەی میلیشیاکانی سەر بە ئێران کرد

بۆ یەکەم جار لە تۆڵەی ئەو هێرشانەی لە چەند رۆژی رابردوودا کرایە سەر ئامانجەکانی ئەمەریکا لە عێراق، ئەمەریکای سەردەمی سەرۆکی جۆ بایدن فەرمانی هێرشکردنە سەر میلشیاکانی سەر بەئێرانی لە سوریا دەرکردو، یەکەم هێرش ئەنجام درا.

 

بەرپرسانی ئەمەریکا بە ئاژانسی رۆیتەرزیان راگەیاندووە کە ئەمەریکا یەکەم گورزی سەربازی ئاسمانی ئاراستەی پێکهاتەی گرووپێکی سەر بە ئێرانی کرد لە سوریا کە ( میلشیاکانی حیزبوڵایە ).

ئەو بەرپرسانە راشیانگەیاندووە کە سەرۆکی ئەمەریکا بایدن فەرمانی پێکردوون هێرشەکە ئەنجام بدەن دژی ئەو میلیشیایەی سەر بە ئێرانە لە سوریا.
روانگەی سوریش بۆ مافەکانی مرۆڤ رایگەیاند کە ١٧ چەکداری سەر بە ئێران لەو هێرشەدا کوژراون.

ئەو سەرچاوەیە ئاشکرای کردووە کە ئەو هێرشەی ئەمڕۆ پەیوەندی بەو هێرشانەوە هەیە کە لەم ماوەیەی رابردوودا کرایە سەر ئامانجەکانی ئەمەریکا لە عێراق.
لە بارەی ئەو هێرشەوە ( پەنتاگۆن ) یش رایگەیاند هێرشەکان چەند بنکەیەکی حیزبوڵای کردۆتە ئامانج.

هەروەها وتووشیەتی : سەرۆک بایدن لە رێگای ئەم هێرشەوە پەیامێکی رۆشنی نارد کە ئەو مکوڕە لەسەر پاراستنی ئەمەریکییەکان و هاوپەیمانەکانی.

 
 


AM:08:44:26/02/2021