پەروەردەی هەرێم لەبارەی داخستنەوەی دەرگای ناوەندەكانی خوێندن ڕوونکردنەوە دەدات

پەروەردەی هەرێم رایدەگەیەنێت" سبەینێ لیژنەی باڵای روبەڕووبونەوەی كۆرۆنا لەبارەی دۆخی تەندروستی لەناوەندەكانی خوێندن کۆدەبێتەوە و هەركاتێكیش داوامان لێبكرێت بۆ داخستنەوەی دەرگای ناوەندەكانی خوێندن بڕیارەكە جێبەجێ دەكەین".

 

ئه‌مڕۆ ئالان حه‌مه‌ سه‌عید وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان له‌ كۆنگره‌یه‌كی ڕۆژنامه‌وانیدا ڕایگەیاند" ئێمە پابەندین بە هەر بڕیارێکی وەزارەتی تەندروستی سەبارەت بە ناوەندەکانی خوێندن و خۆمان بڕیار نادەین".

 

وتیشی" سبەینێ لیژنەی باڵای ڕووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا لە هەرێم کۆدەبێتەوە و تاووتوێی دۆخی کۆرۆنا و ناوەندەکانی خوێندن دەکرێت".

 

وەزیری پەرورەدەی هەرێم ڕوونیشکردەوە، بۆ داخستنەوەی دەرگای خوێندنگەكان لیژنەی باڵای كۆرۆنا بڕیار دەدات، تەنها لایەنێك بڕیار نادات، بۆیە ئەگەر ئامارەكانی توشبوون روو لەهەڵكشان بكات و  تەندروستی داوامان لێبكات ئەوكاتە بڕیار دەدرێت، چاوەڕێی هەڵسەنگاندنی وەزارەتی تەندروستی دەكەین، ئەگەر پێشمان بڵێن بەخۆپارێزی توندترەوە بەردەوامبن ئەوا پرۆسەی خوێندن بەردەوام دەبێت.

 

هاوکات لەبارەی ئەو مامۆستایەی وتبووی، "هەموو ساڵێک بە قۆپی دەرچووە"، ئالان حەمە سەعید باسی لەوەکرد، ئەو کەسە فەرمانبەر یاخود مامۆستا نییە لە وەزارەتی پەروەردە، بۆیە ناتوانن لێپێچینەوەی لەگەڵ بکەن و پێویستی بە لایەنی دیکە و بەدواداچوونی زیاترە. 



PM:04:04:28/02/2021