وەزارەتی نەوتی عێراق بڕی هەناردە و داهاتی نەوتی بۆ مانگی رابردوو ئاشکراکرد

وەزارەتی نەوتی عێراق بڕی هەناردەو داهاتی نەوتی لە مانگی شووبات ئاشكراكرد و ڕایگەیاند، کە بەراورد بە مانگی کانوونی دووەم زیادیكردووە.
 

لە بەیاننامەیەکدا بڵاوکراوەتەوە، تیایدا وەزارەتی نەوتی عێراق ئاماژەی بەوەکردووە، بەپێی ئامارە سەرەتاییەكانی كۆمانیای بەبازاڕكردنی نەوت (سۆمۆ) لەمانگی شوباتی رابردودا بڕی ٨٢ ملیۆن و ٨٧٧ هەزارو ٧٥٧ بەرمیل نەوت لەكێڵگە نەوتییەكانی كەركوك و ناوەڕاست و باشوری عیراقەوە هەناردەكراوە.

 

سەبارەت بە داهاتى ئەو بڕە نەوتەش، وەزارەتى نەوتى عێراق روونیکردۆتەوە، تێکڕاى نرخى نەوت لە مانگى شوباتدا (٦٠.٣٣٠) دۆلار بووە، بەوپێیەش داهاتى نەوت لەو مانگەدا پێنج ملیار و ٢٦ ملیۆن ٨٠٧ دۆلار بووە.

 

ئاماژەی بەوەشداوە" ئەو نەوتەی مانگی رابردوو هەناردەكراوە ٧٩ ملیۆن و ١٠٥ هەزارو ٣٢٩ بەرمیلی لەكێڵگە نەوتییەكانی ناوەڕاست و باشوری عیراقەوە بووەو سێ ملیۆن و ٧٧٢ هەزارو ٤٢٨ بەرمیلیشی لە كێڵگە نەوتییەكانی كەركوكەوە لەڕێی بەندەری جەیهانی توركیاوە هەناردەكراوە".



PM:07:01:01/03/2021