مەسرور بارزانی لەگەڵ سەندیکای رۆژنامەنووسان کۆدەبێتەوە

 
ئەمڕۆ دووشەممە 2021/3/1 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە گەڵ نەقیب و ئەندامانی ئەنجومەنی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان کۆبووەوە. 

 
لە راگەیاندنێکی سەرۆکایەتی حکومەتی هەرێم دا کە لە دوای کۆبوونەوەکەوە بڵاوکراوەتەوە، تیایدا هاتووە " لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا، ئازاد حەمەدەمین نەقیبی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان و ئەندامانی ئەنجومەنەکە، کورتەیەکیان دەربارەی کار و چالاکییەکانی سەندیکاکەیان خستەڕوو و ئاماژەیان بە وەدا ، کە لە هەرێمی کوردستان ، ئازادی ڕاگەیاندن هەیە، بەڵام  کاری میدیایی لە هەرێمی کوردستان ، لە ڕووی یاسایی و پیشەییەوە، پێویستی بە ڕێکخستنەوە هەیە بۆ ئەوەی ڕێگری لەو پشێوییە بکرێت کە لە بواری ڕاگەیاندن هەیە." 


وەک لە راگەیاندنەکەدا هاتووە " سەرۆکی حکومەت جەختی لە پشتیوانی و پشتگیریی حکومەتی هەرێمی کوردستان کردەوە بۆ ڕۆژنامەنووسان و میدیاکارانی کوردستان و کاری ڕۆژنامەگەریی لە هەرێمدا و ئاماژەی بە ڕۆڵ و پێگەی ڕۆژنامەنووسان کرد، لە هوشیارکردنەوەی کۆمەڵگە و هاوکاریکردنی حکومەت لە دەستنیشانکردنی گرفت و کێشە و سەرپێچییەکان، بەمەبەستی نەهێشتنیان و چاککردن و باشترکردنی ئەزموونی حوکمڕانیی لە کوردستاندا. گوتیشی ئازادی ڕادەربڕین بنەمایەکی سەرەکی کۆمەڵگە پێشکەوتووەکانە". 


هەروەها هاتووە" سەرۆکی حکومەت دووپاتیکردەوە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان، زەمینەی ئازادی ڕادەربڕینی بۆ ڕاگەیاندنکاران دەستەبەر کردووە بۆ ئەوەی ڕۆڵی کاریگەری خۆیان لە کۆمەڵگەدا بگێڕن. گوتیشی ڕاگەیاندنکارانی کوردستان ، نابێ ڕێگە بدەن پیشەی پیرۆزی ڕۆژنامەگەریی، بە مەبەستی ناوزڕاندن و تۆمەت بەخشینەوە و تێکدانی ئاشتی کۆمەڵایەتی بەکاربهێنرێت".

 
لە کۆبوونەوەکەدا، سەرۆکی حكومەت دڵنیاییدا کە حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە هەموو شێوەیەک داکۆکی و پشتگیریی لە ئازادیی کاری ڕۆژنامەگەریی لە کوردستان دەکات، بۆ ئەوەی ڕاگەیاندنکارانی کوردستان، بتوانن بە شێوەیەکی پرۆفیشناڵانە و دوور لە هەر ئەجێندایەکی ناپیشەییانە ، کاری خۆیان ئەنجام بدەن، بە جۆرێک لە بەرژەوەندی گشتی و پاراستنی دەسکەوتە نیشتمانییەکان بێت.( وەک لە راگەیاندنەکەدا هاتووە ).

 
ئەو کۆبوونەوەیە لە کاتێکدایە کە ژمارەیەک رۆژنامەنووس و چالاکوان زیاتر لەشەش مانگە لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانی بایدنان و هەولێرەوە دەستگیرکراون و مانگی رابردوو پێنج لەو گیراوە نە بە شەش ساڵ حکومدران.

 
هەروەها لە چەند مانگی رابردوودا ژمارەیەکی بەرچاو لە رێکخراوە ناوخۆ جیهانییەکانی ئازادی رۆژنامەنووسی و مافەکانی مرۆڤ لەسەر دۆخی خراپی رۆژنامەنووسان و چالاکوانان چەندان راپۆرتی رەخنەگرانەیان لەسەر هەرێم بڵاوکردەوە. 

 


PM:08:34:01/03/2021