قونسڵی ئەڵمانیا لەگەڵ نوێنەری گیراوەکانی بادینان کۆدەبێتەوە

کونسوڵی ئەڵمانیا لە هەرێمی کوردستان، کلێمێنس سێمتنەر لەگەڵ نوێنەری گیراوەکانی بادینان کۆدەبێتەوە، کە ئەو نوێنەرەش لە بادینان بڕیاری دەستگیرکردنی هەیە.


نوێنەری دەستگیرکراوەکانی بادینان ئەیهان سەعید بڵاویکردەوە، کلێمێنس سێمتنەر کونسوڵی ئەڵمانیا سەردانی ئەیھان سەعید نوێنەری دەستگیرکراوەکانی بادینان کردووە و لە کۆبوونەوەکەدا پشتیوانی خۆی بۆ پرسی ئازادی رادەربرین و کاری رۆژنامەوانی دەربڕیووە.

 
نوێنەری دەستگیرکراوەکانی بادینان ئەوەشی خستووەتەڕوو، لە کۆبوونەوەکەدا کلێمێنس سێمتنەر باسی ئازادی رادەربرین و زیندانیانی بادینانیان کردووە.
هەروەها باس لە دوایین گۆڕانکاریەکانی دۆسییەکە کردووە.


ئەم سەردانەی کونسوڵی ئەڵمانیا لەکاتێکدایە، بڕیاری گرتن بۆ ئەیھان سەعید بە تۆمەتی پاڵپشتی بۆ زیندانیانی بادینان دەرچووە، بەڵام ناوبراو پێشتر راگەیاندبوو، ئێمە ناوەستین تا براو ھاورێکانمان، کە "بە ناحەق زیندانیکراون ئازاد دەکرێن."


مانگی رابردوو دادگای تاوانی هه‌ولێر، سزای شەش ساڵ زیندانی بەسەر پێنج لە دەستگیرکراوانی بادیناندا سەپاند، ئەوەش ناڕەزایەتی و کاردانەوەی رای گشتی و بەشێک لەلایەنە سیاسیەکان و پەرلەمانتاران و رێکخراوە جیهانییەکانی بواری مافی مرۆڤ و ئازادی رۆژنامەگەری بە دوای خۆیدا هێنا و لە رێگای راگەیاندنی رۆژنامەوانییەوەو دیدار لەگەڵ بەرپرسانی هەرێم پەیامی ناڕەزایتی خۆیان گەیاند. 

 


PM:08:46:02/03/2021