بەرهەم ساڵح پێشوازی لە پاپا فرانسیس کرد

دواینیوەڕۆی ئەمڕۆ پاپای ڤاتیکان گەیشتە بەغداد لە کۆشکی سەلام لەلایەن بەرهەم ساڵح، سەرۆککۆماری عێراقەوە پێشوازی لێکرا.

 

دوای ئەوەی لە کۆشکی کۆماری لەلایەن بەرهەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عێراق پێشوازی لە پاپای ڤاتیکان کرا، لە پێشکەشکردنی وتارێکدا سەرۆک کۆماری عێراق ڕایگەیاند" عێراقییەکان شانازی بەوەدەکەن کە ئەوان بۆ چەندین سەدە لە شارە فرە رەنگەکانیاندا ژیاون".

 

وتیشی" مسوڵمان و سابیئە و جولەکە بۆ چەندین سەدە پێکەوە ژیاون و برایانە لە یەک شار و یەک گەڕەکدا دەژین، هەروەها کڵێساکان دراوسێی مزگەوت و حوسێنییەکانن، تیایدا دەنگی زەنگ و هەروەها بانگەکان لە ئاسمانی عێراق یەکدەگرنەوە".

 

هاوکات لای خۆشییەوە پاپا فرانسیس لەکۆشکی سەرۆکایەتی وتارێکی پێشکەشکرد و تێیدا جەختی لەسەر پاراستنی برایەتی و یەکڕیزی گەلانی عێراق کردەوە و وتی" پێویستە جیاوازییەکان بکەینە سەرچاوەی تێگەیشتن لەیەکتری و گەشەکردنی کۆمەڵگا".

 

راشیگەیاند" پێویستە گوێ لەهاوڵاتیان بگیرێت و جیاوازییەکانی یەکتری قبوڵبکەین، پێویستە بەرژەوەندییە تایبەتەکان بخەینە لاوە، وتیشی، " بەسە توندوتیژی و یەکتر کوشتن".

 

بڕیارە پاپا لەسەردانەکەیدا چاوى بە دیارترین مەرجەعەکانى شیعە لە عێراق بکەوێت، لەناویاندا عەلى سیستانى، هەروەها به‌ پێی ئه‌جێندای سه‌ردانه‌كه‌ی چه‌ند ناوچه‌یه‌كی عیراق به‌سه‌رده‌كاته‌وه.

 

هەروەها ڕۆژی یەکشەممە ٧ی ئازار پاپا سەردانی هەولێر دەکات و لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر لەلایەن بەرپرسانی حکومی و سیاسیی و ئاینی هەرێمی کوردستان پێشوازی لێ دەکرێت. 



PM:04:40:05/03/2021