پارتی، پارێزەرێکی تیمی بەرگریکردن لە گیراوەکانی بادینان بە پەکەکە تۆمەتبار دەکات

پەرلەمانتارێکی پارتی دیموكراتی كوردستان " ئەو كەسەی خۆی بە پارێزەری كەیسی تاوانبارانی بادینان دەناسێنێت، خۆی بەشێكە لە پیلانگێڕییەكان و پەیوەندی لەگەڵ گرووپە پیلانگێڕییەكانی پەكەكەدا هەیە".


سەعید هەركی، ئەندامی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان لە میدیاکانی پارتیدا هێرشدەکاتە سەر بەشدار حەسەن سەرۆکی تیمی پارێزەرانی گیراوەکانی بادینان و دەڵێت " ئەو كەسە تەنیا بە ناو پارێزەرە، ئەگینا خۆی سەر بە پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە)یە و بە ئاشكرا لە قسەكانیشیدا ستایشی پەكەكە دەكات و هیچ پیشەییبوونێك لە قسەكانیدا دیار نییە".


ئەو پەرلەمانتارەی پارتی دەشڵێت " ئەو كەسە پەیوەندی لەگەڵ گرووپە پیلانگێڕەكانی پەكەكەدا هەیە و بەشێكە لە پیلانگێڕییەكە هەروەك لە قسەكانی خۆیدا بە ڕوونی دەردەكەوێت".


سەعید هەرەکی لە درێژەی قسەکانیدا دەڵێت ”قسەكانی ئەمشەوی پارێزەرەكە بە ئیعازی دەستە و تاقمی پیلانگێڕ و خۆفرۆش بووە، لە كاتێكدا هەموان دەزانن كە ئەم گرووپە بە مەبەستی كاری تێكدەرانە، سیخوڕییان بۆ وڵاتان كردووە و زانیاریشیان داوەتە پەكەكە تاوەكوو خەڵكی بكوژن و بڕفێنن و بارەگای حكوومی و دامەزراوەكان زیانیان پێ بگات“.

 

ئەو ماڵپەڕەی سەر بە پارتی چەند وێنەیەکی ئەو پارێزەرەی لەگەڵ نەوشیروان مستەفاو قادری حاجی عەلی سەرکردە دیارەکانی گۆڕان و چەند رۆشنبیرێکدا داناوەو ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات کە پەشدار حەسەن کاندیدی گۆڕان بووە بۆ هەڵبژاردن.

 
دوێنێ شەو داوای بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆی دانپیانی گیراوەکانی بادینان لەلایەن ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم ( پارتی ) ەوە، تیمی پارێزەرانی گیراوەکان کە پارێزەر بەشدار حسین سەرۆکایەتی دەکات لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەگەریدا رەخنەیان لە بڵاوکردنەوە دانپێدانانەکە گرت و بە نایاساییان ناوزەد کرد. 

 

 


PM:08:55:05/03/2021