مەسرور بارزانی: ئافرەتانی کورد نموونەی قوربانیدان و داکۆکیکردن بوون لە مافە ڕەواکانی گەلی کوردستان

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کورستان بەبۆنەی ڕۆژی جیهانی ئافرەتان پەیامێکی بڵاوکردەوەو ڕایدەگەیەنێت" ئافرەتانی کورد نموونەی قوربانیدان و داکۆکیکردن بوون لە مافە ڕەواکانی گەلی کوردستان".

 

مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پەیامەکەیدا ئاماژەی بەوەکردووە" بەشداریی ئافرەتانی کوردستان، لە بزووتنەوەی رزگاریخوازی گەلی کوردستان و ڕووبەڕووبوونەوەی ستەم و داگیرکاریدا، مایەی شانازییە و ئافرەتانی کوردستان، هەمیشە نموونەی قوربانیدان و خۆڕاگری و داکۆکیکردن بوون لە مافە ڕەواکانی گەلی کوردستان".

 

سەرۆکی حکومەت دووپاتیشی دەکاتەوە، حکومەتی هەرێمی کوردستان، پابەندبوونی خۆی بە ڕووبەڕووبوونەوەی هەر جیاکارییەکی ڕەگەزی و پەراوێزخستنی رۆڵی ئافرەتان، دووپات دەکاتەوە. پشتیوانیی لە ڕۆڵی کارا و شایستەی ئافرەتانی کوردستان دەکەین لە بوارە جیاکانی کۆمەڵگە و دامەزراوەکانی حکومەتدا، لە چوارچێوەی داکۆکیکردنمان لە مافەکانی مرۆڤ بە گشتی و مافەکانی ئافرەتان بە تایبەتی، بە ئاراستەی بنبڕکردنی تووندوتیژی و چەسپاندنی بنەماکانی یەکسانیی و لێبوردەیی لە ناو خێزان و کۆمەڵگەدا.  

دەقی پەیامی سەرۆكی حكومەتی ھەرێمی كوردستان:

لە یادی هەشتی مارس، رۆژی جیهانیی ئافرەتان، گەرمترین پیرۆزبایی لە ئافرەتانی کوردستان و جیهان دەکەم. بە پێزانینەوە لە خەبات و تێکۆشانی ئافرەتانی کوردستان دەڕوانین لە پێناو یەکسانیی و دادپەروەری کۆمەڵایەتیدا.

بەشداریی ئافرەتانی کوردستان، لە بزووتنەوەی رزگاریخوازی گەلی کوردستان و ڕووبەڕووبوونەوەی ستەم و داگیرکاریدا، مایەی شانازییە و ئافرەتانی کوردستان، هەمیشە نموونەی قوربانیدان و خۆڕاگری و داکۆکیکردن بوون لە مافە ڕەواکانی گەلی کوردستان.

حکومەتی هەرێمی کوردستان، پابەندبوونی خۆی بە ڕووبەڕووبوونەوەی هەر جیاکارییەکی ڕەگەزی و پەراوێزخستنی رۆڵی ئافرەتان، دووپات دەکاتەوە. پشتیوانیی لە ڕۆڵی کارا و شایستەی ئافرەتانی کوردستان دەکەین لە بوارە جیاکانی کۆمەڵگە و دامەزراوەکانی حکومەتدا، لە چوارچێوەی داکۆکیکردنمان لە مافەکانی مرۆڤ بە گشتی و مافەکانی ئافرەتان بە تایبەتی، بە ئاراستەی بنبڕکردنی تووندوتیژی و چەسپاندنی بنەماکانی یەکسانیی و لێبوردەیی لە ناو خێزان و کۆمەڵگەدا.  

شکۆدار بێت هەشتی مارس ، رۆژی جیهانیی ئافرەتان.

هیوای سەرکەوتن بۆ خەباتی ئافرەتانی کوردستان دەخوازم  . 

مەسرور بارزانی

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان



AM:09:24:08/03/2021