تورکیا و ئێران لەبارەی پولەكەی هەرێم هاتنەدەنگ كە نەخشەی كوردستانی گەورەی لەسەرە

نمایشكردنی پولێك لەكاتی سەردانەكەی پاپا فرانسیس بۆ شاری هەولێر كە وێنەی پاپاو نەخشەی كوردستانی گەورەی لەسەرە، توركیا و ئێران توڕە دەكات و سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەییش ڕایدەگەیەنێت" ئەو نەخشەیە لە ژێر پێماندایە".

 

دەولەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) لە هەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر نوسیویەتی" هیچ کەسێک ناتوانێت لەسەر ئەو پولە چاپکراوەی لە سەردانەکەی پاپا بۆ باکووری عێراق کە نەخشەی بەناو کوردستانی لەسەرە، په‌نجه‌ی تۆمه‌تمان بۆ درێژبكات". 

 

باخچەلی دەشڵێت" ئەو نەخشە زەلیلە ئەسڵەن لە ژێر پێماندایە، ئەوانەش کە لەگەڵ جوداخواز و تیرۆرستان دەچنە نێو هەمان چوارچێوە و هاوپەیمانی پێکدەهێنن، زەلیلن".

 

ھاوکات، سەعید خەتیب زادە وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ناڕەزایەتیی لە دیزاینی پولەکە دەربڕی و رایگەیاند" پولەکە نەخشەی کوردستانی گەورەی لەپشتە و پێچەوانەی بنەما نێودەوڵەتییەکانە".

 

خەتیب زادە ئاماژەی بەوەشکرد، كە كۆماری ئیسلامی لەچوارچێوەی گەیاندنی ناڕەزایەتی خۆی بە حكومەتی عێراق لەبارەی ئەو بابەتەوە، داواشی كردوە ئەو پولە كۆبكرێتەوەو هەنگاوە نادۆستانەیە دەستبەجێ راستبكرێتەوە.

 

لەبەرامبەریشدا ئێوارەی دوێنێ چوارشەممە جوتیار عادل، وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند" ئەو پولانە تەنها پێشنیارن رەسمی نین و لەلایەن حكومەتەوە پەسەندنەكراون".

 

وتیشی" كە حكومەتی هەرێم لە چوارچێوەی دەستوری عێراق و یاسا كارپێكراوەكان و لە سۆنگەی رێزگرتن لەسەروەری عێراق و دەوڵەتانی دراوسێ، بڕیاری گونجاو لەبارەی ئەو پولانەوە دەدات". 

رۆژی ٧ی ئەم مانگە، لە کاتی سەردانەکەی پاپا فرانسیس، پاپای ڤاتیكان بۆ هەولێر شەش پولی وەزارەتی گواستنەوەو گەیاندنی حکومەتی هەرێم لە فرۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر لە پێشوازیدا نمایشکران، یەکێک لە پولەکان وێنەی پاپا فرانسیس و نەخشەی کوردستانی گەورەی لەسەر بوو. 



PM:03:25:11/03/2021