ژمارە 15 گۆڤاری سپی میدیا، چەندین دۆسیەی تایبەت لەخۆدەگرێت سەبارەت بە جموجۆڵەکانی داعش لە عێراقداو بەگوێرەی چەند بەڵگەنامەیەکی هەواڵگری پارتی دیموکراتی کوردستان، یەکەم حیزبی کوردی بووە کە ئاگاداری وردی جموجوڵەکانی ئەو هێزە بووە.
بەگوێرەی بەڵگەنامە هەواڵگریەکان بەر لە چەند مانگێک 300 قیادی داعش هاتوونەتە شاری موسڵەوەو ئامادەکاریان کردوەو لە سوریاش جێگرەکانیان شوێنیان گرتونەتەوە.
گرنگترین خاڵێک کە سپی میدیا دەستی پێی گەیشتووە پلانەکانی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراقو شامە، ئەویش ئەوەیە کە داعش لە خاڵی یەکەمدا هەوڵەکانی بۆ دورخستنەوەی مالیکیە لەپۆستی سەرۆک وەزیرانی عێراقو هەنگاوی دووەمیش هێرشکردنە سەر هەرێمی کوردستانو داعش بەنیازی ئەوەی هەرێم بکاتە سێیەمین ویلایەتی خۆی.
هەر لەو ژمارەیەدا نیاز سەعید پسپۆری بواری ئیسلامی سیاسی چەکردار، کەزۆر بەوردی ئاگاداری فیکری داعشە بەوردی خوێندنەوە بۆ جموجۆڵەکانو فیکری داعش دەکاتو ئەو جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە هێرشەکەی سەر موسڵ بەتەنها داعش نەیکردوە بەڵکو حیزبی بەعسو عەشیرەتە سوننەکانی عەرەبو چەندین رێکخراوی دیکەی ئیسلامی سیاسی چەکدار بەشدار بوون گەرنا داعش ئەو توانایەی نییە، هەروەها باس لەمەترسیەکانی ئەم هێزە بۆ سەر کورد دەکات.
لەراپۆرتێکی دیکەدا هەرسێ حیزبە ئیسلامیەکەی کوردستان باس لە داعش دەکەنو دەڵێن کە ئەوان دژی ئەو هێزەن لەبەرامبەردا بۆچونی داعشە کوردەکانیش هاتوەو کە حیزبە ئیسلامیەکانی کوردستان بەبەرەی کوفر ناو دەبات.
لەراپۆرتێکی دیکەدا بەوردی باس لەسەرەتاکانی دروست بوونی داعش کراوەو هەروەها باس لە پەیوەندی لەگەڵ قاعیدەدا دەکات.
گەرانەوەی خاکی نیشتیمان ناونیشانی بابەتێکی دیکەی گۆڤارەکەیە کەلەلایەن محەمەد رەئوفەوە ئامادە کراوەو تایبەتە بەو هۆکارانەی کە داعش کاری گەری لەسەری دەبێت لە گەرانەوەی ناوچە دابنرێنراوەکان بۆ سەر هەرێمی کوردستان.
هەروەها چەندین وتاری تایبەتی تێدایە لەسەر بارودۆخی کورد لە پەیوەندیدا بە هێزەکانی داعشەوە، وەک وتارێکی کاوە محەمەدو خەلیل عەبدوڵا.
فایلێکی دیکەی گۆڤارەکە لەسەر پێکهێنانی حکومەتو هەروەها راپۆرتێکی بەڵگەنامەی تایبەتی تێدایە لەسەر شێوازەکانی تەزویر کردن لە پارێزگای سلێمانیو گۆڤارەکە بەبەڵگەوە ئەوە دەخاتە روو چۆن تەزویر کراوە.
هەروەها چاوپێکەوتنێکی تایبەتی لەگەڵ مامۆستای زانکۆ لە ئیرلەندا، سەردار عەزیز، سەبارەت بە کۆمەڵگای مەدەنی دەخوێنیتەوەو سەردار دەڵێت "نەمانی ئۆپۆزیسۆن کاریگەری لەسەر کۆمەڵگەی مەدەنی دەبێت".
هەروەها وتارێکی تایبەتی د. دارا محەمەدی تێدایە سەبارەت بە پێکهێنانی حکومەتو سیاسەتی نائومێدکردن، لەو وتارەدا دەنوسێت حکومەت هەر بەتەنها بەپرسیار نییە بەدیهێنانی پەیمانەکانی، بەڵکو ئەو بەرپرسیارێتیە سیاسیەشی لە ئەستۆدایە کە لەلایەن هاوڵاتیانەوە متمانەیان پێبەخشراوە بۆ نوێنەرایەتکردنیانو بەرێوبردنی وڵات بەشێوەیەک کە لە بەرژەوەندی هەمواندا بێت".
هەر لەم ژمارەیەدا وتارێکی تایبەتی تێدایە کە لەلایەن ئاراس وەهابەوە نوسراوەو باس لە نهێنیەکانی هەڵکشانی پارتی دەکات.