رۆشنبیر توانا ئهمین گفتوگۆیهکی کورتی هاوڕێیانهی لهرێگای فهیسبووکهوه لهگهڵ رۆشنبیر بهختیار عهلی سازکردووه لهسهر چوونی گهنجان بۆ بهرهکانی شهڕ دژی چهکدارانی دهوڵهتی ئیسلامی له عێراق و شام ناسراو به (داعش) به سووپاسهوه بۆ ههردوو بهڕیز، سپی میدیا له ئهکاونتی توانا ئهمینی وهرگرت و بلآویکردهوه"
بهختیار عهلی لەبارەی شەڕڪردن لەگەڵ داعش دهدوێت
دەمەتەقێیەڪ لەگەڵ بــەخــتــیــــار عــلـی
تــوانــا ئـەمـیــن: ئێستا ڪۆمەڵێ گەنجی ئێمە لە ناویاندا ھاوڕێی نزیڪی خۆم ھەیە، ڪە خوێندڪار و پیشەگەر و ڪاسب و بە گشتی خەڵڪی سڤیلن، خۆیان ئامادە ڪردووە -ڕەنگە ڪاتی خوێندنەوەی ئەم گفتۆگۆیە لەوێ بن- ڪە بچن بۆ بەرەڪانی پێشەوەی جەنگ لەگەڵ (داعش).. جارێڪ وەڪ ڕوناڪبیرێڪ و جارێڪ وەڪ ھەڵوێستی ئینسانیی خۆتان؛ ئەم بارە چۆن ھەڵدەسەنگێنن..؟ ئایا ئەو ڪوڕانە ھەڵە دەڪەن..؟! لە ئێستادا بەرگری ڪردن لە خاڪ و شەڕی ئەو بەربەریییە ترسناڪانە ھەڵەیە..؟!! ئەی بە دیوێڪی تردا؛ حەیف نییە دیسان گەنجی ئێمە بڪوژرێت لە پێناو بەردەوامیی و لە لوتکە مانەوەی دەسەڵاتی ئەو سەرکردانەدا؛ کە سیستمە سیاسیەکەیان وەڪ بیست و چوار ساڵی پێشوو؛ نوقمی نێو ناعەدالەتی ڪۆمەڵایەتیی و فەسادی ئابوریی و سوڵتانگەریی و خۆشگوزەرانی خۆیان و ڪوڕەڪانیانە..؟!! تۆ ئەم پارادۆڪسی چوون و نەچوونە چۆن لێڪدەدیتەوە..؟
بەختیار علی: توانا گیان... من پێم وایە لە بەرامبەر ئەمجۆرە گروپانەدا مرۆڤ ناتوانێت قسە لە سوود و قازانج بڪات. لێرەدا هەموو تاڪێڪ بۆ ڕزگارڪردنی ژیانی خۆی ئیشدەڪات. وەڪ چۆن لەسەردەمی نازییەتدا جوولەڪەیەڪ ئەوپەڕی بیتوانیایە ژیانی خۆی لە گرتن و دەستبەسەری لە ئاوشفیتز و هۆلۆڪۆست قوتاربڪات... چەمڪی بەرگری «مقاوەمەت» لەم دۆخانەدا بەرگرییە لە «ژیانی ڕووت»... بە بڕوای من دووجۆر لە بەرگریڪردن هەیە، یەڪێڪیان بەرگری ئینسانە لە ئایدۆلۆژیایەڪ، لە جیهانبینییەڪ، ڪە بەرەو بەرگری دەبات لە «دین» لە «شوناس» لە «خاڪ»، لەگەڵ بەرگریڪردن لە «ژیانی ڕووت»، لە «خۆت» دەمێڪ دەبیتە بوونەوەرێڪی زیندووی ڕووت و ژیانت دەڪەوێتە بەر مەترسییەڪی ڕاستەوخۆوەوە. تێزەڪەی من ئەوەیە ڪە فاشیزم بریتییە لە گەمارۆدانی ئەویدی تا ئەو ئاستەی نەتوانێت لە ژیانی رووتی خۆی زیاتر بەرگری لە هیچ بڪات. فاشیزم ڪورتڪردنەوەی ئینسانە بۆ «زیندەوەر»ێڪ... واتە بەلاوەنانێتی وەڪ «سوبێڪت» و وەڪ ڪەسێڪی «مافدار» و ڪورتڪردنەوەیەتی بۆ «زیندووییەڪ»، واتە مەخلوقێڪ هیچ ماف و نرخ و شوناسێڪی نییە بیپارێزێت.