له‌نامایه‌کی کراوه که کۆپییه‌کی بۆ سپی میدیا نێردراوه‌و ئاراسته‌ی د. نجمه‌دین که‌ریم کراوه، جه‌بار ئه‌مین په‌رله‌مانتاری سوید له پارتی ژینگه، باس له پرسی که‌رکوک ده‌کات داوا ده‌کات بۆ دیاریکردنی چاره‌نووسی ئه‌و شاره ریفراندۆ ئه‌نجام بدرێت.
ئه‌مه‌ش ده‌قی نامه‌كه‌یه:
نامه‌یه‌كی كراوه بۆ به‌ڕێز پارێزگاری كه‌ركوك د. نجمه‌دین كریم
به‌روار، ٢٠/٦/٢٠١٤
پێشنیاز: سازدانی ڕێفراندۆم له پارێزگای كه‌ركوك
پاش سڵاو و ڕێزم بۆتان
مافی چاره‌ی خۆنووسین مافێكی جیهانییه و جاڕنامه‌كانی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتۆكاندا به ڕوونی پێداگریی له‌سه‌ركردووه. بۆ نموونه له ناوه‌ڕاستی شه‌سته‌كاندا نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان بڕیاری له‌سه‌ر جاڕنامه‌ی (مافی هاووڵاتیبوون و مافه سیاسییه‌كان) دا. هه‌روها له بڕیارێكی تری نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان سه‌باره‌ت به (سه‌ربه‌خۆیی وڵاتانی ژێرده‌سته و خه‌ڵكه‌كانی) ئه‌م مافه‌ی دووپاتكردووه‌ته‌وه. جگه له‌مانه‌ش بڕیاری ژماره ١٥٤١ ی ساڵی ١٩٦٠ ی نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان داكۆكی له‌م مافه ده‌كات. هه‌روه‌ها له جاڕنامه‌ی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتوه‌كان سه‌باره‌ت به (هاوكاری دۆستانه‌ی نێوان ده‌وڵه‌ته‌كان) له‌سه‌ر ئه‌م خاڵه پێداده‌گرێ. لێره‌دا مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه كه پاڵپشتی یاسایی نێوده‌وڵه‌تی هه‌یه بۆ مافی چاره‌ی خۆنووسیین.
له زۆر گۆشه‌ی جیهاندا، گه‌لان و خه‌ڵكانی ناوچه‌یه‌ك هه‌ن كه توانیویانه ئه‌م مافه جیهانییه به‌كاربهێنن بۆ خزمه‌تی ویستی خۆیان.
بۆ نموونه ٣ مانگێك له‌مه‌وبه‌ر، دانیشتوانی نیمچه‌دورگه‌ی كریم، كه ناوچه‌یه‌كی وڵاتی ئوكرانیا بوو،و ژماری دانیشتوانی زۆر له دانیشتوانی پارێزگای كه‌ركوك زیاتر نییه، دژ به ئیراده‌ی حكومه‌تی ناوه‌ند له ئوكرانیا ڕێفراندۆمی خۆیان ساز كرد. له كاتێكدا زۆربه‌ی حكومه‌ته‌كانی جیهان دژ بوون. ئه‌نجامی ڕاپرسییكه‌ش ئه‌وه بوو كه كریم وه‌ك ناوچه‌یه‌كی سه‌ربه‌خۆ ڕاگه‌یه‌نرا. پاشان له‌گه‌ڵ روسیا یه‌كی گرت.
نموونه‌یه‌كی تر كۆسۆڤۆیه. ناوچه‌ی كۆسۆڤۆ ناوچه‌یه‌ك بوو له وڵاتی یوگۆسلاڤیا، ژماره‌ی دانشتوانی كۆسۆڤۆ نزیكه‌ی ٢ ملیۆنه و ڕووبه‌ره‌كه‌ی ته‌نها ٣ ڕووبه‌ری پاڕێزگای كه‌ركوكه، و ناوچه‌یه‌كی هه‌ژاره. ساڵی ٢٠٠٨ ناوچه‌ی كۆسۆڤۆ ڕیفراندۆمی خۆیان ساز كرد، هه‌ر چه‌نده حكومه‌تی ناوه‌ند دژبوو. جگه له‌وه زۆر له زل هێزه‌كانی جیهان دژ به‌و ڕێفرنادۆمه بوون. له گه‌ڵ گشت ئه‌وانه‌دا كۆسۆڤۆ ڕاپرسی خۆی سازدا، و له ده‌رئه‌نجامی ڕاپرسیینه‌كه خۆی وه‌ك ده‌وڵه‌تێكی سه‌ربه‌خۆ ڕاگه‌یاند. له‌م چه‌ند ساڵه‌دا زیاتر له سه‌د حكومه‌تی جیهان دانیان به سه‌ربه‌خۆیی كۆسۆڤۆ ناوه. هه‌رچه‌نده زۆربه‌ی زۆرینه‌ی حكومه‌ته‌كانی جیهان له‌گه‌ڵ ڕاگه‌یاندنی ده‌وڵاتی كۆسۆڤۆ نه‌بوون.
وه‌كوو هه‌موو لایه‌كمان ده‌زانین له ده‌ستوری عێراقدا مافی ڕیفراندۆمی خه‌ڵكی پارێزگای كه‌ركوك چه‌سپێنراوه، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا حكومه‌ته‌كانی ئه‌م ١٠ ساڵی دوایی عێراق ئه‌م مافه‌یان پشت گوێ خستووه.
بۆ پاراستنی مافی خه‌ڵكی پارێزگای كه‌ركوك، به كورد و توركمان و عه‌ره‌ب و ئاشوری و كه‌مایه‌تێكانی تره‌وه، به كارێكی هه‌نوكه‌یی ده‌زانم كه به‌ڕێزتان وه‌ك پارێزگاری كه‌ركوك ده‌ستپێشخه‌ری بكه‌ن بۆ سازدانی ڕێفراندۆمێك بۆ زانینی ویستی خه‌ڵكی كه‌ركوك سه‌باره‌ت به وه‌ی كه ئایا خوازیارن پارێزگای كه‌ركوك ناوچه‌یه‌كی خودموختاربێت، یان سه‌ر به حكومه‌تی ناوه‌ند بمێنێته‌وه، یاخود خوازیارن پارێزگای كه‌ركوك سه‌ر به هه‌رێمی كوردستان بێت.
به گرنگیشی ده‌زانم كه نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتۆكان له‌م پرسه گرنگه‌دا به‌شدار بكرێت.
ده‌مه‌وێت ئاماژه به‌وه‌ش بكه‌م كه پشتگیری كردنی هه‌نگاوێكی وا ، ئه‌ركی سه‌ر شانی ئێمه‌ی هاوڵاتی، و په‌رله‌مان و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانیشه. سه‌رخستنی پرۆسه‌ی ڕێفراندۆمێكی دیموكراتی، به‌شێكه له پرۆسه‌ی به دیموكراتیزه‌كردنی ناوچه‌كه.
له‌گه‌ڵ ڕێزم / جه‌بار ئه‌مین
هاوڵاتی هه‌رێمی كوردستان و هه‌مان كات ئه‌ندامی په‌رله‌مانی سوید