حکومەتی هەرێم بۆماوەی یەک هەفتە پشووی فەرمی ڕاگەیاند

وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی پشوی فەرمی جەژنی نەورۆز رایدەگەیەنێت" هەفتەی داهاتوو لە تەواوی دامەزراوەکانی حکومەت، پشووی فەرمییە". 

د.جوتیار عادل وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە" بەبۆنەی جەژنی نەورۆز و سەری ساڵی نوێی کوردییەوە، ڕۆژانی یەکشەممە، دووشەممە و سێشەممەی هەفتەی داهاتوو کە دەکاتە ٢١و ٢٢و ٢٣ ی ئاداری ٢٠٢١، بەپێی ڕۆژمێری فەرمی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە تەواوی دامەزراوەکانی حکومەت، پشووی فەرمییە". 

باسی لەوەشکردووە، جگە لەو ڕۆژانەش، حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕۆژی چوارشەممە و پێنجشەممەی هەمان هەفتە، کە دەکاتە ٢٤ و ٢٥ ئاداری ٢٠٢١، وەکو پشووی فەرمی رادەگەیێنێت.

وتەبێژەکەی حکومەتی هەرێم لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا داوا لە هاوڵاتیان دەکات، لە ڕۆژانی نەورۆزدا پابەندی ڕێنماییە تەندروستییەکانی تایبەت بە خۆپارێزی لە پەتای ڤایرۆسی کۆڕۆنا بن.


PM:04:01:16/03/2021