بەختیار برای نەوشیروان مستەفا زانیاری ورد لەسەر موڵکایەتی گردەکەو تەوریس‌و بەشداری لەحکومەتدا ئاشکرا دەکات

دوای چوار ساڵ لە کۆچی دوایی، بەختیار مستەفا هەڵوێستی براکەی نەوشیروان مستەفا ئەمین رێکخەری گشتی پێشووی گۆڕان لەسەر موڵکایەتی گردی زەرگەتەو بەشداری لە حکومەت و تەوریسی سیاسی قسە دەکات.

لە نووسینێکدا بە ناونیشانی "دوای چوار ساڵ لە کۆچیی دوای  وەڵامێکی پێویست، زۆریش ماوە بۆ وتن" ، بەختیار مستەفا ئەمین دەڵێت " زۆرجار و قسەوباسی بزوتنەوەی گۆڕان و بەرپرسەکانیان لە کۆبونەوە تایبەتەکاندا، سەبارەت بە مەسەلەی موڵک و ماڵی بزوتنەوەی گۆڕان و پارەو پوڵی کاکم  ( نەوشیروان مستەفا ) ئەبیستینەوە ، ئێمە لە سەرەتاوە وەک بەشێک لە کێشەی ناوخۆی بزوتنەوەکە و ململانێی دەسەڵات سەیرمانکردوە ، بەڵام کاتێک ( عومەری سەید عەلی  رێکخەری گشتی  بزوتنەوەکە ) لە کۆبونەوەی گشتیدا و لە سیانزەی ئازاری ئەمساڵدا، لە میدیا و دەزگاکانی راگەیاندنەوە، بۆ رای گشتی قسە ئەکات و ناهەقی و بێ ویژدانی و تەنانەت سوکایەتی بە مێژوی بیر و کاری سیاسی کاک نەوشیروان و هاوڕێکانی ئەکات ، ناچارمان بە وەڵامدانەوەیەک بۆ ڕای گشتی ئەکات و تیایدا، ڕاشکاو هەندێ هەقیقەت بۆ مێژو بخەینە روو" .

لە درێژەی نووسینەکەیدا دەشڵێت " سەبارەت بە پارە و پوڵ و موڵک، لێرەوە رایدەگەیەنم کە کاکم نەوشیروان مستەفا لە سەرەتای ( شۆڕشی نوێ ) وە ، هەمیشە دارایی شۆڕشی لابوە و دەسەڵاتی خەرجی هەبوە ، لە بزوتنەوەی گۆڕانیشدا، بەهەمان شێوە !! بەڵام هەرگیز نە خۆی بەخاوەنی زانیوە و نە بە شێوەیەک رەفتاری کردوە کە خۆی خاوەنداری بکات ، ئەوەندە بەسە بڵێم خەرجی ماڵەکەی لە پشکێکی ( بازاڕی میترۆ ) وە ئەکرا و ئەو چەندان ملیۆن دۆلارەش کە باسی ئەکەن بۆ بزوتنەوەکە و پرۆژە سیاسیەکەی خەرج ئەکرا ، خەرجی خەستەخانە و کرێی خانوەکەی لەندەن هاوڕێکانی وەک یارمەتی بۆیان خەرجکردوە و دەستی بۆ پارەی بزوتنەوەکە نەبردوە".


هەروەها دەشڵێت " هەر کەس ولایەنێک وەک موڵکی شەخسی کاک نەوشیروان رەفتار بەو موڵک و پارە جێماوانەوە بکات، جگە لە ناشرینکردنی مێژوی ئەو پیاوە هیچیتر نیە، هەمو بیرکردنەوە و پلانیشی بۆ چارەنوسی زەوی گردی زەرگەتە ( کاریشی بۆ کردبو )  ئەوەبو بکرێ بە وەقف لەسەر زانگۆی سلێمانی و وەک شارێکی رۆشنبیری گەشەی پێ بدرێت . بۆیە هەواڵی تاپۆکردن و گواستنەوەی موڵکایەتی گردەکە لە پرسەکەیدا، ئێمەی تاسان و توشی شۆکی کردین".

بەختیار مەستەفا ئەمین کە وەک خۆی دەڵێت پەنجا ساڵ هاوڕێی تیکۆشانی نەوشیروان مستەفا بووە " هەمو ویژدانێکی زیندوش تەنیا ئەو بەڵگەیەی بەسە کە چۆن رێکخەر و سەرکردایەتی بزوتنەوەکە پاش مردنی کاک نەوشیروان، وەک تۆڵە کردنەوەیەک لە هەڵپەی هاوپەیمانی و چونە ئەو حکومەتە حیزبیەدا بون، کە بە تۆمەتی تیرۆر و کوشتن و تێکدانی ئاسایشی کوردستان فەرمانی گرتنیان بۆ کاکم ( نەوشیروان مستەفا ) دەرکردبو، بۆ گەڕاندنەوەی مافی مێژویی و رێزی پەنجا ساڵ تێکۆشانی، پێیان وترا ! بەڵام ئەوان هەر بە مەبەست داوای لێبوردنێکیان لەو حیزب و دامودەزگایانە مەتڵەب نەبو" .

دەقی وتارەکە..

دوای چوار ساڵ لە کۆچیی دوای  
وەڵامێکی پێویست، زۆریش ماوە بۆ وتن

بەختیار مستەفا ئەمین
زۆرجار و قسەوباسی بزوتنەوەی گۆڕان و بەرپرسەکانیان لە کۆبونەوە تایبەتەکاندا، سەبارەت بە مەسەلەی موڵک و ماڵی بزوتنەوەی گۆڕان و پارەو پوڵی کاکم ( نەوشیروان مستەفا ) ئەبیستینەوە ، ئێمە لە سەرەتاوە وەک بەشێک لە کێشەی ناوخۆی بزوتنەوەکە و ململانێی دەسەڵات سەیرمانکردوە ، بەڵام کاتێک ( عومەری سەید عەلی  رێکخەری گشتی  بزوتنەوەکە ) لە کۆبونەوەی گشتیدا و لە سیانزەی ئازاری ئەمساڵدا، لە میدیا و دەزگاکانی راگەیاندنەوە، بۆ رای گشتی قسە ئەکات و ناهەقی و بێ ویژدانی و تەنانەت سوکایەتی بە مێژوی بیر و کاری سیاسی کاک نەوشیروان و هاوڕێکانی ئەکات ، ناچارمان بە وەڵامدانەوەیەک بۆ ڕای گشتی ئەکات و تیایدا، ڕاشکاو هەندێ هەقیقەت بۆ مێژو بخەینە روو .

بەندە زیاتر لە پەنجا ساڵ لە گشت وێستگەکانی خەبات و پێشمەرگایەتیدا،  هاوڕێ و پشتیوان و هاوسەنگەری کاکم ( نەوشیروان مستەفا ) بوم، تا ئەو رۆژەی دوا هەناسەی داوە پێکەوە و لە نزیکەوە لە تەکیدا بوم ، گەر بنوسم و قسە بکەم ( کە هیوادارم لە ئایندەیا بتوانم ) زۆر هەیە بۆ وتن .

یەکەم : سەبارەت بە پارە و پوڵ و موڵک، لێرەوە رایدەگەیەنم کە کاکم نەوشیروان مستەفا لە سەرەتای ( شۆڕشی نوێ ) وە ، هەمیشە دارایی شۆڕشی لابوە و دەسەڵاتی خەرجی هەبوە ، لە بزوتنەوەی گۆڕانیشدا، بەهەمان شێوە !! بەڵام هەرگیز نە خۆی بەخاوەنی زانیوە و نە بە شێوەیەک رەفتاری کردوە کە خۆی خاوەنداری بکات ، ئەوەندە بەسە بڵێم خەرجی ماڵەکەی لە پشکێکی ( بازاڕی میترۆ ) وە ئەکرا و ئەو چەندان ملیۆن دۆلارەش کە باسی ئەکەن بۆ بزوتنەوەکە و پرۆژە سیاسیەکەی خەرج ئەکرا ، خەرجی خەستەخانە و کرێی خانوەکەی لەندەن هاوڕێکانی وەک یارمەتی بۆیان خەرجکردوە و دەستی بۆ پارەی بزوتنەوەکە نەبردوە ، ئەوانیش لە ژیاندا ماون . بۆیە هەر کەس ولایەنێک وەک موڵکی شەخسی کاک نەوشیروان رەفتار بەو موڵک و پارە جێماوانەوە بکات، جگە لە ناشرینکردنی مێژوی ئەو پیاوە هیچیتر نیە، هەمو بیرکردنەوە و پلانیشی بۆ چارەنوسی زەوی گردی زەرگەتە ( کاریشی بۆ کردبو )  ئەوەبو بکرێ بە وەقف لەسەر زانگۆی سلێمانی و وەک شارێکی رۆشنبیری گەشەی پێ بدرێت . بۆیە هەواڵی تاپۆکردن و گواستنەوەی موڵکایەتی گردەکە لە پرسەکەیدا، ئێمەی تاسان و توشی شۆکی کردین .

دوەم : سەبارەت بە جێگرەوە و دەسەڵاتی    مناڵ و خزمەکانی بیروباوەڕی ئەو زاتە زۆر رون و ئاشکرا بوە ، هەمیشە لای خۆمان و بە مناڵەکانی وتوە کە حەزناکات کاری سیاسی بکەن و تەنانەت چەند جارێک بە ئێمەی ئەوت کە با لەکۆڕ و کۆبونەوەدا بێن و فێری ماریفەت و تێکەڵاوی کۆمەڵایەتی ببن .

 بۆ دەسەڵات و جێگرەوەی پۆستی رێکخەری گشتی بزوتنەوەکەش ئەو سەروەختەی کە دکتۆرەکانی بێ ئومێدیانکرد لەوەی چاکبێتەوە ، چەند مانگێ پێش وەفاتی لە خەستەخانەی (مارسدنی مەلەکی بەریتانیا ) پەیامێکی بۆ هاوڕێکانی لە بزوتنەوەکەدا نارد و داوای لێکردن پێش کۆچی خۆی هەڵبژاردنێک بۆ رێکخەری گشتی بکەن، پێی خۆش بو پێش مەرگی رێکخەری گشتی نوێ ببینێ و ببیستێ ، هەرگیز نە کەسی بۆ ئەو پۆستە راسپاردوە و نە داواشیکردوە کەسێکی دیاریکراو جێگرەوەی بێت ، ئەو پەیامە نەگەیشت یان کاری پێنەکرا !! نەمانزانی بۆ ؟ 

لەکۆتاییدا، بە پێویستی ئەزانم بڵێم :

ئەوەی لە دوای هەڤدەی مایسی دوهەزار و هەڤدەوە ، دەستە و گروپە جیاوازەکانی گۆڕانی گردەکەی زەرگەتە لە چەواشەکاری و لادان و شکاندن وسوکایەتی بە مێژو ، فیکر و کاری نەوشیروان مستەفا کردویانە، هەرگیز هیچ دوژمنێکی دەرەوە و نەیارێکی ناوخۆ نەیتوانیوە پێی بکات ، ئەو فەرهەنگە لە کاری سیاسی و خەبات و پێشمەرگایەتی نەوشیروان مستەفا سەروەتێکی گەورەی نەتەوە و نیشتیمانەکەمان بوە، بە خوێن و ماندوبونی هەزاران پێشمەرگە و کەمئەندامی سەنگەر و سەدان هەزار قوربانی بۆ میلەتەکەمان بە دەست هاتبو ، دەبێت هەرواش بمێنێتەوە . 

هەمو ویژدانێکی زیندوش تەنیا ئەو بەڵگەیەی بەسە کە چۆن رێکخەر و سەرکردایەتی بزوتنەوەکە پاش مردنی کاک نەوشیروان، وەک تۆڵە کردنەوەیەک لە هەڵپەی هاوپەیمانی و چونە ئەو حکومەتە حیزبیەدا بون، کە بە تۆمەتی تیرۆر و کوشتن و تێکدانی ئاسایشی کوردستان فەرمانی گرتنیان بۆ کاکم ( نەوشیروان مستەفا ) دەرکردبو، بۆ گەڕاندنەوەی مافی مێژویی و رێزی پەنجا ساڵ تێکۆشانی، پێیان وترا ! بەڵام ئەوان هەر بە مەبەست داوای لێبوردنێکیان لەو حیزب و دامودەزگایانە مەتڵەب نەبو .



PM:08:08:17/03/2021