هۆکاری دابەشنەکردنی مووچەی لیوا هاوبەشەکانی پێشمەرگە ئاشکراکرا

ئەندامێکی پەرلەمانی کوردستان رایدەگەیەنێت" بەدواداچونیان کردوە بۆ هۆکاری دابەشنەکردنی موچەی لیوا هاوبەشەکانی پێشمەرگە و بۆیان دەرکەوتوە هۆکارەکەی پەیوەندی بەوەوە هەیە تائێستا هاوپەیمانان بودجەی هاوکاری وەزارەتی پێشمەرگەیان رەوانەی نەکردوە". 

کاوە عەبدولقادر، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی (فەیسبووک) ئاماژەی بەوەکردووە" لەچەند ڕۆژی ڕابردوو ژمارەیەکی زۆر پێشمەرگەی ئازیز لەلیوا هاوبەشەکان پەیوەندیان کردوە داوایان کردوە بەدواداچوون بکەم سەبارەت بەموچەکانیان کەبۆچی وەزارەتی پێشمەرگە تا ئێستا موچەی ئەو لیوایانەی دابەشنەکردوە لەکاتێکدا بڕیار بوو سێ موچەیان بەسەر یەکەوە پێبدرێت؟ دوای بەدواداچونم بۆ کێشەی موچەی ئەو پێشمەرگە بەڕێزانە بۆم دەرکەوت هۆکاری دابەشنەکردنی موچەکانیان بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کەتا ئێستا هاوپەیمانان تەمویلی وەزارەتی پێشمەرگەیان نەکردوە ئەمیش بەهۆی دەستبەکاربوونی حکومەتی نوێی ئەمەریکاوگۆڕانکاری لەکابینەکەو تەواونەبونی هەندێ ڕۆتینیات کەڕەنگە لەداهاتویەکی نزیک تەواو ببێت".

باسی لەوەشکردووە، ئەوەی جێگای سەرنجە حکومەتی هەرێم خۆی لەپێدانی موچەی ئەو لیوایانە بێبەری کردوەو ئامادە نیە لەبودجەی حکومەت موچەیان پێ بدات، بەڵکو چاوەڕێی هاوکارییەکەی هاوپەیمانان دەکات وەک ئەوەی ئەم لیوایانە سەر بە هاوپەیمانان بن نەک هەرێم!.

پەرلەمانتارەکەی نەوەی نوێ پەیوەست بە هاوکاری هێزەکانی ٧٠ و ٨٠ی پێشمەرگەش جەختیشکردۆتەوە، ئەگەر پارتی ویەکێتی دەستبەرداری ئەو هێزانە ببن وبیخەنە سەر وەزارەتی پێشمەرگە ئەوان ئامادەن هاوشێوەی لیواهاوبەشەکان هاوکاری ئەو یەکانەش بکەن لەدابینکردنی موچەوچەک وپێداویستی سەربازی.


AM:09:18:18/03/2021