فراکسیۆنی یەکێتی: فراکسیۆنی پارتی لە بەغدا لە ئیجماعی کوردی دەردەچێت

فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق لەسەر ئەو بەیانەی دوێنێی فراکسیۆنی پارتی دژی پرۆژە یاسای دادگای فیدراڵی دەریکرد، هاتە دەنگ و روونکردنەوەیەکی دەرکرد و رایگەیاند " فراکسیۆنی پارتی لە بەغدا لە ئیجماعی کوردی دەردەچێت".

لە روونکردنەوەیەکدا کە ئەمڕۆ پێنج شەممە بڵاوکرایەوە، فراکسیۆنی یەکێتی رایگەیاند " دوێنێ ئێوارە لەماڵی سەرۆککۆمار بەئامادەبونی ( سەرۆک کۆمار ،جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم و شاندەکەی ، وەزیری دەرەوەی عیراق ، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران ، سەرۆکی فراکسیۆنە کوردیەکان ، ئەندامانی کورد لەلیژنەی یاسایی و دارایی) کۆبوینەوە

ئامانجی کۆبونەوەکە بۆ یەکخستنی هەڵوێستی فراکسیۆنە کوردیەکان و دروستکردنی یەکڕیزی کورد بوو سەبارەت بەهەردوو پرۆژەیاسای دادگای باڵای فیدراڵی و پرۆژە یاسای بودجە".

هەروەها هاتووە " لەکۆتایی کۆبونەوەکە بڕیاردرا کە ژوورێکی عەمەلیات دروست بکرێت و هەماهەنگی لەنێوانمان هەبێت و هەموومان پێکەوە هەوڵی هەمواری پرۆژە یاسای دادگای باڵای فیدراڵ بدەین و ئەوەی لەبەرژەوەندی خەڵکی کوردستانە جێبەجێی بکەین. بەڵام بەدوو کاتژمێر بەر لەئەنجامدانی کۆبونەوەی ئەنجومەنی نوێنەران، لەکەناڵەکانی راگەیاندنەوە پەیامێکی تاکلایەنەی فراکسیۆنی پارتیمان بینی کەسەبارەت بە پرۆژە یاسای فیدراڵی دەریانکردبوو بەبێ گەرانەوەیان بۆ رای فراکسیۆنە کوردستانیەکان".

فراکسیۆنی یەکێتی دەڵێن" لێرەوە بەهەموو لایەکی رادەگەیەنین، کەئەم کارەی فراکسیۆنی پارتی دەرچونی پێشوەختیانە لەناو ئیجماعی کوردی و تێکدانی یەکڕیزی یە، وە بۆمێژوو ئێمە تەحەمولی ئاکامەکانی ناکەین".

شەوی رابردوو لە نامەیەكدا فراكسیۆنی پارتی داوای جیبەجێكردنی پره‌نسیپی ھاوبەشی و ھاوسەنگی و تەوافقی كردووە لە پەسندكردنی ھەمواری یاسای دادگای باڵای ئیتیحادی. هەروەها داواشیكردووە، چەسپاندنی متمانەی لە نێوان لایەنە سیاسییە ناكۆكەكان بەپێی بەرژەوەندی باڵای نیشتیمانی.

لە خاڵێکی تری ئەو داوایەدا، فراکسیۆنی پارتی دەڵێت "كورد ھاوبەشی راستەقینەن لەم وڵاتەدا دێرینەدا، و مێژووی نزیك جەختدەكاتەوە لەسەر ئەوەی كورد ھۆكاری سەقامگیری نیشتیمانی بوونە و ناكرێت سیاسەتی فەرامۆشكردن و پەراوێزكردن پەیڕەو بكرێت، چونكە بێگومان ئەوە خزمەت بە بەرژەوەندی عێراقییەكان ناكاتی. ھەروەھا ھاتووە، "ئێمە بە بیری ھاوبەشانمان لە نیشتیماندا دەھێنینەوە، كە بەیەكەوە ژیانی ئاشتیانەی ئازاد بنەمای دەستوورە و ھاوسەنگی نیشتیمانی بە سەپاندنی ئیرادەكان نابێت و لەوانەیە بەرەو داڕمانی ببات".

لە خاڵی سێیەمدا ھاتووە، ئێمە داوا دەكەین مافەكانمان دابین بكرێن و درووستكردن و پێكھاتنی دادگا بە كۆدەنگی دادوەرە بنەڕەتییەكان بێت و بەپێچەوانەكەشی ھەموو ئەوانەی بەشداری دەكەن بەرپرسیارییەتی مێژوویی و تەواوی لێكەوتەكانی ھەڵدەگرن.

لە كۆتایی نامەكەدا ھاتووە، داوا لە گشت لایەك دەكەین دڵنیایی یاسایی و دەستووری فەراھەم بكەن و بیچەسپێنن، كە بەیەكەوە ژیانی ھاوبەش لە نێوان ھاووڵاتیانی گەلی عێراق بە ھەموو پێكھاتەكانییەوە بەھێزدەكات.



PM:06:45:18/03/2021