لەبارەی قسەکانی پیر لوقامانەوە
یەکێتی زانایان: ناکرێ رێگە بدرێت سوکایەتی بەپیرۆزییە ئایینییەکان بکرێت


یەکێتی زانایانی ئاینی ئیسلام لەسەر قسەکانی پیر لوقمانی زەردەشتی دێنە دەنگو دەڵێن " ناکرێ رێگە بدرێت لەو پەنایە سوکایەتی بە پیرۆزییە ئایینی و نەتەوەیییەکان بکرێت".

لە راگەیەندراوێکدا کە ئەمشەو بڵاوکرایەوە، زانایانی ئاینی ئیسلامی کوردستان لەبارەی قسەکانی پیر لوقمانەوە دەڵێن" لەسۆنگەی هەستکردن بە بەرپرسیارێتی ئایینی و پیشەیی بە توندی ئەو جۆرە کارو هەنگاوە نەشیاوانە رەتدەکەینەوەو ئیدانەی دەکەین، لەهەمان کات مەعلومە ئێمە لە کوردستان لە سایەی ئیسلام و شەونخونی زانایانی ئایینی، خاوەن نمونەیەکی جوانی پێکەوەژیان و تەبایی و قبوڵکردنی جیاوازیەکانین و هیچ کاتیش لەو هەڵوێستە پاشەکشە ناکەین".
دەقی راگەیەندراوەکە:

بەناوی خوای بەخشندەی میهرەبان

پاش بڵاو بوونەوەی ئەو گرتە ڤیدیۆییە کە لەلایەن کەسێک بڵاوکراوەتەوەو تێیدا سوکایەتی بەرامبەر ئیسلام و رەمزە نەتەوەیی و ئاییینیەکانی گەلی کورد بەتایبەت سیمبولی ئایینپەروەرو سەرکردەی مێژوویی سەلاحەددینی ئەیووبی کرد بێ رەچاوکردنی هیچ بنەمایەک.

لەسۆنگەی هەستکردن بە بەرپرسیارێتی ئایینی و پیشەیی بە توندی ئەو جۆرە کارو هەنگاوە نەشیاوانە رەتدەکەینەوەو ئیدانەی دەکەین، لەهەمان کات مەعلومە ئێمە لە کوردستان لە سایەی ئیسلام و شەونخونی زانایانی ئایینی، خاوەن نمونەیەکی جوانی پێکەوەژیان و تەبایی و قبوڵکردنی جیاوازیەکانین و هیچ کاتیش لەو هەڵوێستە پاشەکشە ناکەین و پارێزگاری لە سەقامگیری کۆمەڵگەو ئاشتی و پێکەوە ژیان دەکەین، بەڵام ناکرێ رێگە بدرێت لەو پەنایە سوکایەتی بە پیرۆزییە ئایینی و نەتەوەیییەکان بکرێت و مێژووی پرشنگداری سەرکردەیەکی گەورەی وەک سەلاحەددینی ئەیوبی بخرێتە بەر نەشتەری سوکایەتی و گاڵتە پێکردن!

لەگەڵ بڵاوبوونەوەی ئەو گرتە ڤیدیۆییە لە پەیوەندی بەردەوام دابووین لەگەڵ وەزارەتی ئەوقاف و کارباری ئایینی و هەماهەنگ و هاوکار دەبین لەگەڵ وەزارەت بۆ گرتنەبەری سەرجەم رێکارە پێویست و یاساییەکان بۆ رێگە گرتن و دووبارە نەبوونەوەی ئەم حاڵەتانە، لێرەشەوە جارێکی تر داوا لە داواکاری گشتی دەکەین بە ئەرکی پێویستی خۆیان هەڵبستن، چونکە ئەم کارە پێچەوانەی یاسا بەرکارەکانی عیراق و هەرێمی کوردستانە.

یەکێتی زانایانی ئاینی ئیسلامی کوردستان



AM:12:20:23/03/2021