مەترسی لە روبەروبوونەوەی نێوان سوپای عێراق‌و میلشیاکانی سەر بە ئێران دەکرێت"

کوشتنی ئەفسەرێکی دەزگای سیخوڕی عێراق و هەوڵدان بۆ کوشتنی ئەفسەرێکی تر لە چەند رۆژی رابردوودا، ئەگەری روبەروبوونەوەی نێوان سوپای عێراق و میلیشیاکانی سەر بە ئێران نزیک دەکاتەوە.

کوشتنی موقەدەم مەحمود لەیس لە ناوچەی مەنسوری بەغدا لە رۆژانی رابردودا کە لە دەزگای سیخوڕی عێراق لە دۆسیەی ئێران کاریکردووەو، ئاماژەکان پەنجە بۆ میلیشیاکانی سەر بە ئێران رادەکێشن کە ئەم کارەیان کردبێت و، دوای ئەو هێرشەش بە چەند کاتژمێرێک هەوڵی کوشتنی ئەفسەرێکی تر درا لە بەغدا، ئەمانەش هەمووی دوای هەڕەشەکانی قەیس خەزعەلی سەرۆکی عەسائیب ئەهلی حەقی نزیک ئێران دێت.

ئەحمەد یاسری توێژەری عێراقی کە لە ئوسترالیا دادەنیشێت بە کەناڵی " دیجلەی " راگەیاندووە"ئەو هێرشانە وەک راگەیاندنی جەنگە دژی حوکمەتەکەی کازمی".
 
ئەو توێژەرە باسی لەوەش کردووە کە دەزگای موخابەراتی عێراقی رووبەڕووی پاکتاوکردن بۆتەوە لەلایەن میلیشیاکانی سەر بە ئێرانەوە، ئامانجەکەشی پەرواێز خستنی هێزە سەربازی و ئەمنیەکانی دەوڵەتە".

پسپۆری بواری ستراتیژی عێراقی ئەحمەد ئەلشەریفی دەڵێت " بە ئامانج گرتنی دامەزراوە سەربازی و ئەمنییەکان زەنگێکی مەترسیدارە کە عێراق دەخاتە بەردەم ناکۆکیەکی مەترسیدارەوە لەنێوان دەزگا فەرمیەکان و میلیشیاکانی حیزب.

ئەو توێژەرە باس لەوە دەکات ئەگەر ئەو شەڕە رووبدات پرۆسەی سیاسی لە عێراق شکست دەهێنێت.

ئەلشەریفی پێیوایە کە هەقە حکومەتی عێراق دەسەڵاتی خۆی بەسەر ئەو میلیشیایانەدا بسەپێنێت، بەڵام دۆخە هەرێمایەتییەکەو دەستوەردانیان لە عێراق یاریدەدەر نییە.



PM:03:29:23/03/2021