هاوڕێیەکی نەوشیروان مستەفا: سالار عەزیز داوای بەشی لە گردی زەرگەتە دەکرد

هاوڕێیەکی دێرینی رێکخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان، نەوشیروان مستەفا کە ناوی رەحەیم ئەمینە، دەڵێت" سالار عەزیز هەڵسوڕوای دیاری گۆڕان داوای بەشی لە گردی زەرگەتە کردووە".

لە روونکردنەوەیەکدا کە نێردراوە بۆ ( سپی ) بە ناونیشانی " ئایا سالار عەزیز داوای بەشی لە گردی زەرگەتە کردووە؟ " رەحیم ئەمین کە وەک باسی دەکات لە سەرەتای سەرهەڵدانی شۆڕشی نوێوە لە سالی ١٩٧٦ دا لەگەڵ یەکێتیدا بووەو دواتریش گۆڕان، دەڵێت " پێش ئەوەی کاک سالار عەزیز کە لە ساڵی ٢٠١٣ دا وازی لە گۆڕان هێناو و دوور بکەوێتەوە، رۆژێک هاتە دوکانەکەم کە لە بازاڕی جگەرەکەی خانەقایە لە سلێمانی، لەوێ کاک ( مەجیدیش ) لەوێ بوو کە هاوڕێی من و کاک نەوشیروان و زۆرێک لە سەرکردەکانی گۆڕان و یەکێتییە، لەو سەردانەدا بۆ دوکانەکەم، کاک سالار رایسپاردم کە بچم بۆ لای کاک نەوشیروان و پێی بڵێم: بەڵکو گردەکەمان بەسەردا دابەش بکات و هەر کەسەو بەشی خۆمان بداتێ و ئێمەش ماڵ و منداڵمان هەیە". 

دەقی نامەکەی رەحیم ئەمین هاوڕێی نەوشیروان مستەفاو سالار عەزیز و سەرکردەکانی تری یەکێتی و گۆڕان..
 

ئایا سالار عەزیز داوای بەشی لە گردی زەرگەتە کردووە؟

ماوەیەک لەمەوبەر وتارێکی کاک سالارعەزیزم بینی کە باسی موڵكی گردەکەی گۆڕانی کردبوو، کە گوایە ئەو رای وابووە " ئە‌وه‌ی ئه‌بووه‌ به‌ربه‌ست له‌م كاره‌دا هه‌وڵی كاك نه‌وشیروان بوو، كه‌ ئه‌یویست ئه‌م موڵك و ماڵه‌ ‌له‌سه‌ر كومپانیای وشه‌ تاپۆ بكات كه‌ هی خۆی بوو. بۆیه‌ ئێمه‌ پێمان وت باشتروایه‌ به‌ناوی تۆوه‌ نه‌بێ، ئه‌م ڕێبازه‌ یه‌كێ له‌كاره‌ گرنگه‌كانی چونه‌وه‌یه‌ به‌گژ ئه‌وانه‌ی ته‌ماعیان له‌سه‌روه‌ت و سامانی خه‌ڵك و ئه‌م نیشتمانه‌یه‌، با هه‌وڵبده‌ین ڕێگه‌كی دی بدۆزینه‌وه‌. كاك نه‌وشیروان وتی با به‌ناوی هه‌رپێنجمانه‌وه‌ی بكه‌ین. ئێمه‌ ره‌تمانكرده‌وه‌و رازی نه‌بووین و به ‌شۆخییه‌وه‌ وتمان یانی كه ‌مردین مناڵه‌كانمان بێن و بڵێن به‌شی باوكمانی پێوه‌یه‌!".

من وەک کەسێک کە لەسەرەتای سەرهەڵدانەوەی شۆڕشی نوێوە لە دروستبوونی مەفرزە سەرەتاییەکانەوەو بە دیاریکراویش یەکەم مەفرەزە کە لە بەهاری ساڵی ١٩٧٦ هاتنە گوندی مووبڕە لە شارباژێڕی سەخت کە بە سەرکردایەتی ئەنوەری مەجید سوڵتان و بەکری حاجی سەفەر و مستەفا چاوڕەش بوو، من لەگەڵ ئەم شۆڕشە بووم و بەدرێژای ٤٠ ساڵی ئەم کاروانە هاوڕێی زۆرێک لە بەرپرس و سەرکردەکانی ناو یەکێتی بووم لە نێویشیاندا کاک نەوشیروان و کاک سالار عەزیز و زۆرێکی تر لە سەرکردایەتی و کادیرانی کۆمەڵە بەبێ هیچ بەرژەوەندیەک و بەبێ ئەوەی دیفاع لە کەس بکەم.
لە وازهێنانی کاک نەوشیروانیشەوە لە یەکێتی، کەسێکی نزیک کاک نوشیروان و بەرپرسانی ناو گۆڕان بووم  و زۆرێک لە سەرکردایەتییەکانی گۆڕان و یەکێتی دەناسم و دەمناسن، هەر لە روانگەی ئەم هاوڕێیەتیمەوە بە پێویستم زانی کە لەسەر کێشەی موڵکایەتی گردەکەی گۆڕان راستەییەک لەسەر هەڵوێستی سالار عەزیز بخەمە ڕوو.

 پێش ئەوەی کاک سالار عەزیز کە لە ساڵی ٢٠١٣ دا وازی لە گۆڕان هێناو و دوور بکەوێتەوە، رۆژێک هاتە دوکانەکەم کە لە بازاڕی جگەرەکەی خانەقایە لە سلێمانی، لەوێ کاک ( مەجیدیش ) لەوێ بوو کە هاوڕێی من و کاک نەوشیروان و زۆرێک لە سەرکردەکانی گۆڕان و یەکێتییە، لەو سەردانەدا بۆ دوکانەکەم، کاک سالار رایسپاردم کە بچم بۆ لای کاک نەوشیروان و پێی بڵێم: بەڵکو گردەکەمان بەسەردا دابەش بکات و هەر کەسەو بەشی خۆمان بداتێ و ئێمەش ماڵ و منداڵمان هەیە.

دوای ئەو قسانەی سالار عەزیز، من چەند جارێک سەردانی کاک نەوشیروانم کرد، لە یەکێک لە جارەکان راسپاردەکەی کاک سالارم پێ راگەیاند، لە وەڵامدا کاک نەوشیروان وتی: بەس چاو لە موڵکی گردەکە بخڵافێنم، دابەشیدەکەن.

بۆ مێژوو بۆ ئەوەی خۆڵ نەکرێتە چاوی خەڵک و راستیەکان وەک خۆی بە خەڵک بگات، بە پێویستم زانی ئەو راستییە بۆ هەموو لایەک ئاشکرا بکەم.
  رەحیم ئەمین 
هاوڕێی کاک نەوشیروان مستەفا



PM:09:38:25/03/2021