تەندروستی سلێمانی: لە قۆناغێکی مەترسیدارداین

لە بارەی کۆرۆناوە بەڕێوەبەری تەندروستی سلێمانی رایدەگەیەنێت" ئێستا لەقۆناغی مەترسیداین و بەپێی ئەنجامی پشكینیەكانیان جگە لەكۆرۆنا كۆنەكە سێ جۆری تری كۆرۆنای گۆڕاویان دیاریكردوە".

د. سەباح هەورامی، بەڕێوەبەری تەندروستی سلێمانی نیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە لە پەیامێکدا دەڵێت " ئێستا لەقۆناغی مەترسیداین و بەپێی ئەنجامی پشكینیەكانیان جگە لەكۆرۆنا كۆنەكە سێ جۆری تری كۆرۆنای گۆڕاومان دیاریكردوە، حكومەتی هەرێمیش نەیتوانیوە وەك وڵاتان رێكاری زانستی دژی ڤایرۆسی كۆرۆنا بگرێتەبەر، زۆر شوێنیش بەهێندەی خوێندنگەكان گرنگ نین و كراونەتەوە كە چی خوێندنگەكان تاكو ئێستا داخراون".

سەباح هەورامی لە درێژەی پەیامەکەیدا دەڵێت " دوای ئەوەی ژمارەیەك كیتی تایبەت بە پشكنینی ڤایرۆسی كۆرۆنای گۆڕاویان هێناوەو پشكنینان كردوە، توانیمان سێ جۆری ڤایرۆسی گۆڕاو و جۆرە كۆنەكە دەستنیشان بكەین لەنێوان ئەو كەسانەی پشكنینەكەمان بۆ ئەنجامداون و داوا لەهاوڵاتیان دەکەم پابەندی خۆپارێزی بن".

بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستی، تا ئێستا لە پارێزگای سلێمانی ١٩٢٢ (هەزار و نۆسەدوو بیست و دوو) تووشبووی کۆرۆنا گیانیان لەدەستداوە.



PM:01:48:27/03/2021