لیژنەی كاروباری پێشمەرگەی پەرلەمانی كوردستان لەبارەی مووچەی لیوا هاوبەشەکان ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە

لیژنەی كاروباری پێشمەرگەی پەرلەمانی كوردستان لەبارەی مووچەی لیوا هاوبەشەکان ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت" بەهۆی كێشەیەكی تەكنیكیەوە زیاتر لەدوو مانگە لیوا هاوبەشەكانی پێشمەرگە موچەیان بۆ خەرج نەكراوە". 

لیژنەی کاروباری پێشمەرگە لە پەرلەمانی کوردستان لە ڕاگەیەندراوەکەدا باسی لەوەکردووە، دوای نەناردنی مووچەی لیوا هاوبەشەکان لەلایەن ئەمەریکاوە بەهۆی گرفتێکی تەکنیکییەوە پارەکە لەئەمەریکاوە بۆ هەرێمی کوردستان بەهۆی کێشەیەکەوە لە هەژماری بانکی و گواستنەوە، کاتی دابەشکردنەکەی دواخراوە. 

دەشڵێت" زیاتر لە دوو مانگە لیوا هاوبەشەکان مووچەیان بۆ خەرج نەکراوە، بۆ ئەم مەبەستەش لە 15ی ئەم مانگە لیژنەی کاروباری پێشمەرگە بە نووسراوی فەرمی وەک پێشنیاز داوای لەلایەنی پەیوەندیدار کردووە کە تا هاتنی مووچەی ئەمەریکییەکان، بەمیکانیزمێکی گونجاو هەوڵبدرێت پارە بۆ وەزارەتی پێشمەرگە دابین بکرێت تاکو مووچە دابەش بکرێت بەسەر ئەم هێزانە".

لیژنەی کاروباری پێشمەرگە لە پەرلەمانی کوردستان ئاماژەی بەوەش کردووە" دابینکردنی بژێویی ژیانی ئەم هێزانە پەیوەستە بە مووچەوە و بەپێی بەدواداچوونەکان ژیانی زۆربەیان لەڕووی ئابوورییەوە سەخت بووە، بۆیە پێویستە مانگانە لەگەڵ فەرمانبەرانی حکومەت مووچەکە وەربگرن".

باس لەوەش دەکات، لێرەدا هەموو لایەک ئاگادار دەکەینەوە کە لیژنەی کاروباری پێشمەرگە لەهەوڵەکانی بەردەوامە لەگه‌ڵ لایەنی پەیوەندیدار كه‌ بەپەلە بێنە سەرخەت بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە. 


PM:01:31:28/03/2021