لەگەڵ هەڵکشانی تووشبوون و گیان لە دەستدان بە کۆرۆنا، ئەمشەو ژووری ئۆپراسیۆنەکانی پارێزگای هەولێر ژمارەیەک بڕیاری دەکرد بە ئاراستەی توندکردنی رێوشوێنە خۆپارێزییەکان و سزادانی سەرپێچیکاران.
راگهیندراوێك له ژوری ئۆپراسیۆنی پارێزگای ههولێر:
ئەمشەو 2021.3.28، بهسهرپهرشتی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر و بەئامادەبونی ئەندازیارعەلی ڕەشید، سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر، ژوری ئۆپراسیۆنی پارێزگای هەولێر بۆ بەرەنگاربونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لەدیوانی پارێزگا، کۆبوە و گەیشتە ئەم بڕیارانەی لای خوارەوە:-
1- دوای وەرگرتنی ڕاو سەرنجی لێژنەی زانستیی و لێژنەی تەندروستیی سەبارەت بە هەستیاری و مەترسیداری هەڵکشان و تەشەنەسەندنی زنجیرەی نوێی ڤایرۆسی کۆرۆنا و زیادبونی مەترسیەکانی ڕۆژ دوای ڕۆژ بۆ سەرگیانی هاوڵاتییان، تەواوی هێزەکانی ناوخۆ (ئاسایش، پۆلیس، زێرەڤانی، پۆلیسی هاتوچۆ، پۆلیسی شارەوانی و تیمەکانی شارەوانیمان دەستکراوە کردوە لە وەرگرتنی ڕێکاری توندی یاسایی بەرامبەر هەمو ئەوکەس و لایەنانەی ڕەچاوی جێبەجێکردنی ڕێنماییە تەندروستییەکان و ڕێکارەکانی خۆپارێزی بەتایبەتی بەستنی (دەمامک) نابن، بۆیە داوا لە هاوڵاتییانی سنوری پارێزگاکەمان دەکەین، بۆ پاراستنی ئاسایشی تەندروستی و سەلامەتی گشتی شارەکەمان، پابەندبن بە ڕێکارەکانی خۆپارێزی بەتایبەتی بەستنی (دەمامک)، بەپێچەوانەوە هەرکەسێک سەرپێچی بکات ڕێکاری توندی یاسایی لەبەرامبەردا دەگیرێتەبەر.
2- بەهەمو شێوەیەک، هەمو جۆرە گردبونەوە و کۆبونەوە و کۆڕ و سمینار و کۆنفراس، لەهۆڵ، باخچە، شوێنی گشتیی کراوە و داخراو قەدەغەیە و هۆڵهكانی سینەما لەسەرجەم مۆڵ و بازاڕەکان داخراو دهبن، هێزەکانی ناوخۆ و تیمهكانی شارەوانی بەوردی چاودێری دەکەن، هەرکەس و لایەنێک سەرپێچی لەوبڕیارە بکات، ڕێکاری یاسایی لەبەرامبەردا دەگیرێتەبەر.
3- تەواوی ئەو شوێنانەی کە کراوەن، (مۆڵ، مارکێت، شوێنەگشتی و بازرگانییەکان)، دەبێت سەرجەم ڕێنامییە تەندروستییەکان و ڕێکارەکانی خۆپارێزی جێبەجێبکەن، بەتایبەتی بەستنی (دەمامک) و دروستنەکردنی قەرەباڵغی، بەپێچەوانەوە ههرشوێنێك پابەند نەبێت، لەلایەن تیمەکانی شارەوانی و مەفرەزەی گەڕۆک، ڕێکاری یاسایی لەبەرامبەردا دەگیرێتبەر و شوێنەکەی دادەخرێت.
4- دامەزراوە و فەرمانگە و بەڕێوەبەرایەتییە حکومییەکان و سەرجەم فەرمانبەرانی سنوری پارێزگاکەمان، تەواوی مەرجە تەندروستییەکان و ڕێکارەکانی خۆپارێزی جێبەجێدەکەن، بەتایبەتی بەستنی (دەمامک) و دروستنەکردنی گردبونەوە و قەرەباڵغی، هیچ هاوڵاتییەک بۆی نییە بۆ ڕاییکردنی مامەڵەکانی بەبێ بەستنی (دەمامک) بچێتە نێو هیچ فەرمانگە و دام و دەزگایەکی حکومی، هەر بەڕێوەبەرایەتی و فەرمانگەیەک و فەرمانبەرێک سەرپێچی لەو بڕیارە بکات، بەڕێوەبەر و بەرپرسانی ئەو فەرمانگەیە ڕوبەڕوی ڕێکاری توندی یاسایی و ئیداری دەبنەوە.
5- کافتریا و یانە و چێشتخانەکان، دەبێت خزمەتگوزارییەکانیان لەدەرەوە و لەباخچەکان پێشکەش بە میوانانەکانیان بکەن، ڕەچاوی دوری مەودای مێزەکان بکەن، ئەوانەشی کە باخچەیان نییە، پێویستە لە ژورەوە ژمارەی میوانەکانیان سنوردار بکەن و پەنجەرە و دەرگاکان کراوە بكهن بۆئەوەی هەواگۆڕکێ هەبێت، لەکاتی پشکنینی لێژنەکانی تایبەت بە چاودێریکردن، هەر شوێنک پابەند نەبێت بەو بڕیارە و سەرپێچی بکات، ڕێکاری یاسایی لەبەرامبەردا دەگیرێتەبەر و شوێنەکەی دادەخرێت.
6- پرسەدانان لە (کۆڵان - هۆڵ - ماڵ - ژێرخێوەت - باخچە و هەرشوێنێکی تر) قەدەغەیە، بنکەی پۆلیس و موختاری گەڕەک ڕاسپێردراون و بەرپرسیارن، هەرکەسێک پابەند نەبێت ڕوبەڕوی ڕێکاری یاسایی دەبێتەوە.
7- سەرجەم شۆفێرانی ئۆتۆمبێلی (تایبەت، بارهەڵگر، کرێ) دەبێت خۆیان و سەرنشینەکانیان (دەمامک) ببەستن و پابەندی ڕێناماییە تەندروستییەکانبن، هەر کەسێک سەرپێچی لەم بڕیارە بکات، لەلایەن پۆلیسی هاتوچۆ و مەفرەزەکانی، ڕێکاریی یاسایی لەبەرامبەردا دەگیرێتەبەر.
8- دۆخەکە هەستیارە و ڕەوشی تەندروستی شارەکەمان مەترسیدارە و زنجیرەی نوێی ڤایرۆسی کۆرۆنا ڕۆژ لەدوای ڕۆژ لەهەڵکشان و تەشەنەسەندن دایە، ژوری ئۆپراسیۆنی پارێزگای هەولێر، بەڕەچاوکردنی کار و کەسابەت و بژێوی ژیانی هاوڵاتییان، بژاردەی کەرەنتین و قەدەغەی تەواوەتی هاتوچۆی هەڵنەبژارد، بەڵام ئەگەر هاوڵاتییانی شارەکەمان پابەندی ڕێکارەکانی خۆپارێزی و ڕێنماییە تەندروستییەکان نەبن، بەتایبەتی بەستنی (دەمامک)، ئەوا لەپێناو پاراستنی ئاسایشی تەندروستی و سەلامەتی گشتیی، دەست بەجێبەجێکردنی بژاردەی دوەم دەکەین، بۆیە داوا لەهەمولایەک دەکەین پابەندبن، تاوەکو بارودۆخەکە و ڕەوشی تەندروستیی لەوەی هەیە سەختر نەبێت.
9- لەبەیانییەوە ڕۆژی دوشەمە 2021.3.29، هێزەکانی (ئاسایش، پۆلیس، زێرەڤانی، پۆلیسی هاتوچۆ) لەشوێنەکان مەفرزە دادەنێن، بۆ چاودێریکردنی هاوڵاتییان و پابەندبونیان بە ڕێکارەکانی خۆپارێزی و ڕێنماییە تەندروستییەکان، بۆ چاودێریکردنی دامەزراوە و فەرمانگە و بەڕێوەبەرایەتییە حکومییەکانیش، لیژنەی نهێنیمان دەبێت و چاودێری تەواوی فەرمانگە و فەرمانبەرانیان دەکات.
ئەو بڕیارانە سهرجهم قەزا و ناحییەکانی سنوری پارێزگای هەولێر دەگرێتەوە و لەکاتژمێر (12)ی ئەمشەو (28)لەسەر(29)ی ئازاری 2021، دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
ژوری ئۆپراسیۆنی پارێزگای هەولێر
28ی ئازاری 2021