حکومەتی هەرێم لەبارەی گرژییەکانی ئەمڕۆی پەرلەمانی کوردستان راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە

وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت" بەداخەوە کەسانێک هەن خۆیان بە نوێنەری گەل دەزانن، کەچى دەستەواژەی نەشیاو و دور لە کاری پەرلەمانی و سیاسى بە کار دەهێنن و ڕەفتاری نابەجێ ئەنجام دەدەن".

جوتیار عادل، وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی گرژییەکانی ئەمڕۆی پەرلەمانی کوردستان راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و  رایگەیاند" لەکاتێکدا حکومەتی هەرێمی کوردستان، هەوڵ و کۆششی تەواو دەدات لە پێناو خزمەتکردنی هاووڵاتیان و زامنکردنی بژێویان  و دەستەبەرکردنی ئارامی و خزمەتکردنی سەرجەم چین و توێژەکانی هەرێمی کوردستان، بەڵام بەداخەوە کەسانێک هەن خۆیان بە نوێنەری گەل دەزانن، کەچى دەستەواژەی نەشیاو و دوور لە کاری پەرلەمانی و سیاسى بەکاردەهێنن و ڕەفتاری نابەجێ ئەنجام دەدەن وەک ئەوەی بەداخەوە ئەمڕۆ لە دانیشتنی پەرلەمانی کوردستان بینیمان کە ئامانج لێی تەنها خۆدەرخستن و دروستکردنى رق و نانەوەی پشێوییە".

باسی لەوەشکردووە، حکومەتی هەرێمی کوردستان بە ڕێزەوە دەڕوانێتە کاری پەرلەمانی و باشترین پەیوەندیشی لە گەڵ دامەزراوە دەستوورییەکان و پەرلەمانی کوردستان هەیە، چاوەڕوانى ئەوەشى هەیە پەرلەمانتاران لە چوارچێوەی یاسا و رێساکاندا، هەڵسوکەوت بکەن و بەرگریی لە مافی هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگە بکەن. 


PM:07:30:31/03/2021