فراکسیۆنی گۆڕان سەبارەت بەپەسەندکردنی بودجە ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت" لێگەڕێن هاونیشتیمانیان هەناسەیەکی ئارام هەڵکێشن".
فراكسیۆنى گۆڕان لهئهنجومهنى نوێنهران پهیامێکی بڵاوکردەوەو ڕایدهگهیهنێت" بێ ئەنجامدانی چاکسازیی ڕیشەیی لەناوخۆی هەرێم بەتایبەت لەبواری تاڵانیی سامانی ژێر زەویو دەروازە سنورییەکانو داهاتەکانی تر، هەرێم نە دەتوانێ ئیلتیزام بەم یاسایەوە بکات، نە دەشتوانێ لەداهاتودا ڕێکەوتنی هاوسەنگ لەگەڵ عێراق بکات".
دهشڵێت" کاتییەتی دەسەڵاتی هەرێم هەست بەبەرپرسیارێتی بکات بەرامبەر بەژیانی سەدان هەزار خێزانو هاونیشتیمانیی هەرێم کە ژیانێکی ناشایستەو نادادپەروەرانە دەژین".
جهختیشیكردۆتهوه، ڕێکەوتن و لێکتێگەیشتنەکانی ئێستای نێوان هەرێم و بەغدا سەرەتایەکی باشن، بەڵام دواجار عیبرەت لەجێبەجێ کردندایە.
دهقى ڕاگهیهنراوهكه:
ڕاگەیەندراوی فراکسیۆنی گۆڕان سەبارەت بەپەسەندکردنی بودجەی ساڵی 2021
لێگەڕێن هاونیشتیمانیان هەناسەیەکی ئارام هەڵکێشن..
درەنگانی شەوی ڕابردوو، پڕۆژەیاسای بودجەی فیدراڵی بۆ ساڵی 2021 پەسەندکرا کە سەرباری بەشێک لەکەموکورتییەکانی، هەنگاوێکی گرنگە بەئاڕاستەی بەردەوامیی ڕێچکەی یاسایی سیستمی ئابوریو دارایی عێراقو ئەنجامدانی چاکسازی تیایدا.
ئەمەش ئەو هەنگاوەیە کە ساڵانێکی زۆرە لەهەرێمی کوردستان ونەو ئامادەکردنو پەسەندکردنی یاسای بودجەی هەرێم ئێستا ئیتر بوەتە ئیلتیزامێکی یاسایی بەپێی یاسای ئیدارەی دارایی فیدراڵی.
فراکسیۆنی گۆڕان لەئەنجومەنی نوێنەران سەرباری تێبینییەکانی لەسەر ناوەڕۆکی مادەی 11ی یاسای بودجەی فیدراڵی سەبارەت بەهەرێم بەتایبەت بڕگەی دوەمی مادەکە، بەپێویستی دەزانێت دەسەڵاتی هەرێم پابەندبێت بەبڕگەو مادەکانی یاسای بودجە بەتایبەت کە ئێستا دەسەڵاتی هەرێم پێشوازیی کردوە لەڕێکەوتنی نێوان هەردولا لەو بوارەدا.
ئیلتیزامکردنی هەرێم ڕێخۆشکەر دەبێ بۆ گەڕانەوەی متمانە لەنێوان هەردولاو ڕەخساندنی کەشی لەبار بۆ ڕێکەوتنی گشگیرو کۆتایی سەبارەت بەکۆی مەلەفی نەوتو گازو بودجە لەچوارچێوەی یاسای نەوتو گازی فیدراڵی بەپشتبەستن بەدەستور.
گفتوگۆو ڕێکەوتنی هاوسەنگ لەگەڵ بەغدا سەبارەت بەکۆی پرسە ناکۆکەکان، شاڕێگای دروستە بۆ چارەسەر کێشەکان، ئێمە هیوادارین هەرێم لەم ڕوانینەوە بڕوانێتە پەسەندکردنی یاساکە، نەک لەڕوانگەی قۆستنەوەی دەقەکانی یاساکە بۆ بەردەوامیی سیاسەتی چەوتی ئێستای هەرێم لەبواری نەوتو گاز.
نوێنەرانی ئێمە چ وەک فراکسیۆنی گۆڕانو چ وەک هاوپەیمانیی هیوا، ڕۆڵی کاریگەرییان هەبوو لەچەسپاندنی چەندین مافو دەستکەوت بۆ هاونیشتیمانییانمان کە جێی دەستخۆشییە، لەوانە چەسپاندنی ڕێژەی دانیشتوان بەپێی ئاماری وەزارەتی پلاندانانی فیدراڵی بۆ بەشە بودجەی حاکیمەی هەرێم، دابینکردنی بودجە بۆ چەندین پڕۆژە لەسەرجەم پارێزگاکانی هەرێم، جێگیرکردنی شایستە داراییەکانی جوتیارانو پێشمەرگە، فەرزکردنی ئەولەوییەتدان بەدابینکردنی موچەی موچەخۆرانی هەرێم لەلایەن دەسەڵاتەوە، جێگیرکردنی گواستنەوەی میلاکی فەرمانگە ئیتیحادییەکان بۆسەر دامەزراوە فیدراڵییەکان سەرباری هەوڵەکان بۆ لابردنیو چەندین دەستکەوتی تر.
هەڵبەت یاسای بودجەی فیدراڵی لەیەکێک لەمادە زیادکراوەکانیدا، حکومەتی ئیتیحادیو هەمولایەنە پەیوەندیدارەکانی ئیلزامکردوە بەپێداچونەوە بەهەموو گرێبەستە نەوتییەکان لەگەڵ کۆمپانیا بیانییەکان بۆ دۆزینەوەو دەرهێنانو گواستنەوەی نەوتو گاز ئەمەش دەرفەتێکی گەورەیە بۆ هەرێم کە بەهاوکاریی حکومەتی ئیتیحادی بەبەشێک لەو گرێبەستانەدا بچێتەوە کە ناهاوسەنگیی گەورەیان تێدایە، بەتایبەت گرێبەستی بۆری گواستنەوەی نەوتی هەرێمو گرێبەستو ڕێکەوتنە نهێنیو گوماناوییەکان لەگەڵ تورکیا.
ئێمە دڵنییاین کە بێ ئەنجامدانی چاکسازیی ڕیشەیی لەناوخۆی هەرێمی کوردستان بەتایبەت لەبواری تاڵانیی سامانی ژێر زەویو دەروازە سنورییەکانو داهاتەکانی تر، دەسەڵاتی هەرێم نە دەتوانێ ئیلتیزام بەم یاسایەوە بکات، نە دەشتوانێ لەداهاتودا ڕێکەوتنی هاوسەنگو گشتگیرو کۆتایی لەگەڵ حکومەتی ئیتیحادی بکات، کاتییەتی دەسەڵاتی هەرێم هەست بەبەرپرسیارێتی بکات بەرامبەر بەژیانی سەدان هەزار خێزانو هاونیشتیمانیی هەرێم کە ژیانێکی ناشایستەو نادادپەروەرانە دەژین.
کاتییەتی هاونیشتیمانیانمان هەناسەیەکی ئارامی هەڵکێشنو ئومێدیان بۆ بگەڕێنرێتەوە بۆ ژیانێکی کەرامەتمەندانە لەنیشتیمانێکدا کە پڕیەتی لەدەرامەتو سەرچاوەی خواکردو سروشتیو پڕیەتی لەوزەو توانای مرۆیی بنیاتنەرو کێشەی سەرەکیی بریتییە لەنەبونی حوکمی ڕەشیدو ئیدارەی سەرکەوتوو دادپەروەر.
ڕێکەوتنو لێکتێگەیشتنەکانی ئێستای نێوان هەرێمو بەغدا سەرەتایەکی باشن، بەڵام دواجار (عیبرەت لەجێبەجێ کردندایە).
فراکسیۆنی گۆڕان لەئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق
2021/4/1