گۆڕان لە بارەی بەردەوامی لێبڕینی مووچەوە هاتە دەنگ

رێکخەری گشتیی بزوتنەوەی گۆڕان دەڵێت " هەموو هەوڵێکی تیمەکانیان لە حکومەت و پەرلەمان بە ئاڕاستەی نەمانی لێبڕینی موچەی فەرمانبەران دەبێت و پێویستە حکومەتی هەرێم بە ئەنجامدانی چاکسازی و نەهێشتنی گەندەڵێ هەوڵی جدی بدات بۆ نەهێشتنی لێبڕینی موچە".

  میدیاکانی گۆڕان بڵاویان کردەوە، عومەر سەید عەلی، رێکخەری گشتیی بزوتنەوەی گۆڕان لە کۆبونەوەیەکدا لەگەڵ ئەندامانی گۆڕان ڕایگەیاندووە " دوای پەسەندکردنی بوودجەی فیدڕاڵی پێویستە هەرێمی کوردستان هەوڵی جدی بدات بۆ نەهێشتنی لێبڕینی موچە و دابەشکردنی لە وادەی خۆیدا".

لەو کۆبوونەوەیەدا رێکخەری گشتی باسی لە ئەنجامدانی چاکسازی و نەهێشتنی قاچاخچییەتی لە خاڵە سنورییەکان و گەڕاندنەوەی داهات بۆ خەزێنەی حکومەت کردووە.

عومەری سەید عەلی جەختی لەسەر ئەوە کردۆتەوە، کە هەموو هەوڵێکی تیمەکەیان لە حکومەت و پەرلەمان بە ئاڕاستەی چاکسازی دەبێت و ئەوەش دەبێتەهۆی بوژاندنەوەی بازاڕ و سەقامگیری سیاسی لە هەرێمی کوردستان."  



PM:01:53:05/04/2021