قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەت لە بارەی دابەشکردنی زەویەوە بەسەر قوربانیانی ئەنفال و زیندانە سیاسییەکان، وەڵامی وەزیری شارەوانی لە پشکی پارتی دەداتەوەو دەڵێت " هیچ کەس و هێزێک نیە، بتوانێت لەبەردەم مافە رەواکانتان بوەستێتەوە".
دڵنیاییەک بۆ کەسوکاری سەربەرزی شەھیدان و ئەنفالکراوان و زیندانیانی سیاسی لەھەموو پارێزگاکانی ھەرێمی کوردستان
لەوانەیە بە لێدوان و ڕوونکردنەوەی نابەرپرسانە، دڵگران بووبن و وا هەستتانکردبێت کەسانێک هەن، ڕێگرن لەبەردەم وەرگرتنی زەوییەکانتان کە مافێکی ڕەوا و یاسایی خۆتانە. من لێرەوە دڵنیاتان دەکەمەوە کە هیچ کەس و هێزێک نیە، بتوانێت لەبەردەم مافە رەواکانتان بوەستێتەوە.
ئەو زەوییانەی وەری دەگرن هەموو ڕێکارێکی یاسایی پێویستی بۆ كراوە و بەئیمزای بەندە و بەپێی سێ فەرمان لە کابینەی هەشتەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەرکراون و رێکارەکان لەکابینەی نۆیەمدا تەواوکراون، کە ناوەڕۆکی سێ فەرمانەکە بریتییە لە دابەشکردنی زەوی بەسەر ١١١٤٢ کەس لە کەسوکاری شەهید و ئەنفالکراوان و زیندانیانی سیاسی لە هەموو پارێزگاکانی کوردستان.
بۆیە دووبارە دڵنیاتان دەکەمەوە بە هیچ شێوەیەک قابلی قەبوڵ نابێت ڕێگریتان لێ بکرێت بۆ وەرگرتنی مافێکی ڕەوا و یاسایی ئێوەی دڵسۆز و قوربانیدەر.
هەمیشە دڵسۆزتان
قوباد تاڵەبانی