لیژنەی باڵای کۆرۆنا بڕیاری نوێ دەردەکات

وەزیری تەندروستیی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئاشکرای کرد سبەی لیژنەی باڵای رووبەڕبوونەوەی كۆڕۆنا کۆدەبێتەوە و بڕیار و ڕێکاری نوێ دەردەکرێت
  
د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی هەرێمی کوردستان بە میدیای پارتی راگه‌یاندووە، "سبەی یەکشەممە کاتژمێر 2:30ی پاشنیوەڕۆ، لێژنەی باڵای رووبەڕبوونەوەی كۆڕۆنا کۆدەبێتەوە و لەسەر بنەمای ڕاپۆرتی نویی تەندروستی و پێشنیازەکان بڕیار و ڕێکاری تازەتر دەردەکرێ".  
  
سامان بەرزنجی ئاماژەی بەوەکردووە "تاوەکو کۆبوونەوەکە نەکرێ، نازانم بڕیاری تازە چی دەبێت".  
  
دەربارەی بە سەپاندنی قەدەغەی هاتوچۆ ڕوونیکردووەتەوە، " ڕاپۆرتی خۆمان بە مەبەستی پارێزگاری و ڕێگریی زیاتر لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا ئامادە كردووە لە راپۆرتەكەی ئێمەدا دووپات لە بەردەوامی كاروكاسبیی هاووڵاتییان كراوەتەوە بە رەچاوکردنی ڕێکارە خۆپارێزییەکان".  
  
هەروەها وتی "لە كۆبوونەوەی سبەی دووپات لە جێبەجێكردنی ڕێكارەكانی خۆپارێزی دەكرێتەوە،‌ نەك قەدەغەی هاتوچۆ، بۆ ئەوەی بتوانرێ ڕێگری لە زیاتر بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا بكرێت".  
  



PM:11:11:10/04/2021