بەرپرسانی کوردستان ئامادە نەبوون ئەم جۆرە ڤاکسینەی دژە کۆرۆنا لە خۆیان بدەن

کارمەندێکی تەندروستی لە هەرێمی کوردستان دەڵێت "تاوەکو ڤاکسینی ئیسترازینکای بەریتانی لە کوردستان بەردەست بوو بەرپرسان ئامادە نەبوون خۆیان بکوتن، بەڵام دوو ڕۆژە ڤاکسینی ڤایزەری ئەمریکی گەیشتۆتە هەرێم، ببینن بەرپرسان و دەوڵەمەندەکان چۆن قۆڵی خۆی بۆ هەڵدەکەن".  

  لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک. هیوا سەید سەلیم کارمەندی تەندروستی و نوسەر نووسیوویەیتی" ڤاکسینی ئیسترازینکای بەریتانی لە هەرێمی کوردستان بەردەست بوو، بەهۆی ئەو پڕوپاگەندانە و کاریگەری لاوەکی ئەو ڤاکسینە، هیچ یەک لە بەرپرسانی هەرێم ئامادەنەبوون ڤاکسین لەخۆیان بدەن".

ئەو لە درێژەی لێدوانەکەیدا دەشڵێت" ئەسترازینکا بەرهەمی زانکۆی ئۆکسفۆردی بەریتانیە، بەڵام لە کۆی ٣٢ ملیۆن کەس کە لە بەریتانیا فاکسینەکەی وەرگرت بوو  ٢٢ یان تووشی خوێن مەین بووبوون، ئەوەش رێژەیەکی یەکجار کەمە، لەگەڵ ئەوەشدا لە عێراق و کوردستان کەس تووشی ئەو حاڵەتە نەبووە، بەڵام چونکە بەرپرسان زۆر خۆیان خۆشدەوێ ئامادە نەبوون ڤاکسینی بەریتانی بەکار بێنن.  

  هیوا سەید سەلیم دەشڵێت " دوو رۆژە ڤاکسینی ڤایزەری ئەمەریکی گەیشتۆتە هەرێم، جا ببینن بەرپرسان و دەوڵەمەندەکان چۆن قۆڵی خۆی بۆ هەڵدەکەن؛نەفرەت لەو جیاوازیە چینایەتیەی کە ڤاکسینیشی گرتەوە".



PM:09:55:14/04/2021