سەرۆكی حكومەتی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا ئیدانەی هێرشەكانی ئەمشەوی بۆ سەر فڕۆكەخانەی هەولێر و بنكەی سەربازی توركیا لە باشیك دەكات و دەشڵێت" هەر گرووپێکی چەکدار کە لە چوارچێوەی هێزە ئەمنییە فەرمییەکانی عێراقدا نەبێت ، دەبێت دەستبەجێ لەسنووری هەرێمی کوردستان بکشێنەوە".
مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە" بە توندترین شێوە سەرکۆنە و ئیدانەی هێرشە تیرۆریستییەکەی ئەمشەوی سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر و بنکەی سەربازی تورکیا لە باشیک و ئەو گرووپە تیرۆریستییەی لە پشت ئەم کارەوەن دەکەم، هێرشەکانی ئەم دواییە هەوڵێکی زۆر دیار و ئاشکران بۆ تێکدانی ئارامیی و ئاسایشی ئێمە و هەماهەنگیمان لەگەڵ هاوپەیمانی نێودەوڵەتی".
سەرۆکی حکومەتی هەرێم ئەوەشی خستووەتەڕوو، هەر گروپێکی چەکدار کە لە چوارچێوەی هێزە ئەمنییە فەرمییەکانی عیراقدا نەبێت، دەبێت دەستبەجێ لە سنووری هەرێمی کوردستان بکشێنەوە و لە رۆژانی داهاتوودا من لەگەڵ هاوبەشانمان لە عیراق و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی گفتوگۆ لەسەر رێکارەکانی جێبەجێکردنی ئەم هەنگاوە دەکەم.
جەختیشیکردەوە، خەڵکی هەرێمی کوردستان دڵنیا دەکەمەوە کە ئەندامانی گرووپی تیرۆریستی پشت ئەم هێرشەی ئەمشەو ، باجی کردەوەکانیان دەدەن.