دەمیرتاش بۆ دادگای تورکیا: بۆ یەکجاریش بێت بەپێی یاسا هەڵسوکەوتم لەگەڵ بکەن

لێژنەی دادگای توركیا بڕیاریدا كە دۆسیەی كۆبانی و دۆسیە سەرەكییەكەی دەمیرتاش تێكەڵ بكات، دەمیرتاشیش دەڵێت"  بۆ یەکجاریش بێت بەپێی یاسا هەڵسوکەوتم لەگەڵ بکەن ".

دادگا بەبێ بیستنی وتەكانی (دەمیرتاش) و پارێزەرەكەی ئەم بڕیاری دا دۆسیەی كۆبانی و دۆسیە سەرەكییەكەی (سەڵاحەددین دەمیرتاش) تێكەڵ بكات.
دەمیرتاش لە كاردانەوەی ئەم بڕیارە وتی " ٥ ساڵ لە بەسەر بەندكردنی مندا تێدەپەڕێ كەچی هێشتا لێكدانەوەی دۆسیەی كۆبانی دەستی پێ نەكردووە."

دەمیرتاش پاش ڕاگەیاندنی ئەم بڕیارە وتیشی: ڕەنگە ئەمە دواهەمین دیدارمان بێت، تكاتان لێ دەكەم، ٥ ساڵە من لە دادگاكانی ئێوەدا لێپرسینەوەم لێ دەكرێ، چاوەڕوانم تەنیا یەك جار بەپێی یاسا هەڵسووكەوتم لەگەڵ بكەن، ئێمە بۆ دۆسیەی كۆبانی تەنیا جارێكیش دادگامان بەڕێوە نەبردووە.

سەرۆكی دادگاش لە وەڵامدانەوەدا وتی " ئێوە هەموو جارێ وتوتانە كە ئێمە بێ لایەن نین، ئێمەش لیژنەی دووهەممان بۆ ئێوە دانا ڕەنگە پێتان خۆش بێ."
ئەوە لە کاتێکدایە کە زیاتر لە جارێک دادگای ئەوروپی داوای دەستبەجێ ئازادکردنی دەمیرتاش لە تورکیا دەکات و تورکیا رەتیدەکاتەوە.



AM:12:24:17/04/2021