پەرلەمانتارێک: بێ متمانەیی و بێ ئیرادەیی چاکسازی لە پێشمەرگەدا ئەستەم کردوە

پەرلەمانتارێكی بزوتنەوەی گۆڕان ڕایدەگەیەنێت" ٦١ هەزار کەس لە پێشمەرگەوە بۆ لیوا خانەنشین کراون بێ ئەوەى موچە و دۆسیەیان لاى وەزارەتى پێشمەرگە بێت "، باس لەوەشدەکات، بێ متمانەیی و بێ ئیرادەیی، چاکسازی لە پێشمەرگەدا ئەستەم کردوە.

دابان محەمەد، پەرلەمانتاری بزوتنەوەی گۆڕان لە هەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک لە نوسینێکیدا ئاماژەی بەوەکردووە" ئەوەى گومان دەکرا سەبارەت بە هێزى ٨٠ی پارتى و ٧٠ ى یەکێتى، کە ژمارەیان نزیکەى ٨٠ هەزار کەسە وا دەرنەچوو، ژمارەیان ١٠٠ هەزار کەس بەرە و ژورە، ٧ هەزار کەسیان بایۆمەترى نەکردوە، ئەم ژمارەیە گریمانەییە و بەردەوام لە هەڵکشاندایە (( بەردەوام لێیان دەخزێنرێتە وەزارەتى پێشمەرگە و خەڵکى نوێ دادەنرێن))، خانەنشینى، کەمئەندام، شەهید و بودجەى تایبەت بە خۆیان هەیە، بەهۆى بێ متمانەیى و جیاوازى لە سیستمى کارکردن چاکسازى تێیاندا ئەستەم بوە". 

دەشڵێت" لە ئێستادا هەموو هەوڵێک ئەوەیە ئەم دوو هێزە بلکێنرێت، بە وەزارەتى پێشمەرگەوە، بە چەند ڕێگەیەکى جیاواز، بەڵام ئەم جۆرە لکاندن کە ناوى لێنراوە چاکسازى دڵى بەریتانیا و هاوپەیمانان خۆش ناکات بە دەق لەسەر ئەم پرۆسەیە دەڵێن: وەزارەتى پێشمەرگە ئەو هێزانەى سەرپەرشتى دەکات، هێشتا کاریگەرى پارتە سیاسیەکانیان لەسەرە، لکاندنى هێزەکانى ٧٠ و ٨٠ بە وەزارەتى پێشمەرگە، ئەوە ناگەیەنێت، ئەم هێزانە کاریگەرى پارتە سیاسیەکانیان لەسەر لاچێت، ئەمەش ڕەوایەتى هێزى پێشمەرگە کەم دەکاتەوە و رێگرە لە هەوڵەکان بۆ چاکسازى و یارمەتى تەشەنەسەندنى گەندەڵى و مەحسوبیەت دەدات". 

دابان محەمەد باسی لەوەشکردوە، بە گشتى ١٧٠ هەزار خانەنشینى پێشمەرگە هەیە،  سێ هەزار ئەفسەریش لە چاوەڕوانى خانەنشین بوندان بە پێى یاساى ژمارەى ٣٨ى ساڵى ٢٠٠٧، بریتانیەکان لەسەر ئەمە دەڵێن: یەکێک لە کێشە گەورە و ئاڵۆزەکان، موچە و شایستەکان و ڕاژە و خانەنشینیە، گرفتى بونى سەربازى تارمایى، بندیوار مەسەلەیەکە لێى تێدەگەین، ڕەفتارى گەندەڵى هەندێک لە ئەفسەرە باڵاکان، کارێکى دیارە و ناشاردرێتەوە، لەگەڵ هەندێک ڕاپۆرت ئاماژە بە بونى موچە و مافى ساختەى دیکە دەکەن هەندێک لەو ئەفسەرە باڵایانە، کە لەسایەیاندا جۆرێک لە ڕەفتارى گەندەڵى دەکەن، بەڵام هێشتا لە پۆستەکانى خۆیان ماونەتەوە، ئەنجامدانى چاکسازى کارێکى سەختە، قسە و کرداریان بۆ چاکسازى هاوتا نیە. 


PM:12:05:17/04/2021