پێشمەرگەیەکی کۆمەڵە لە سلێمانی بێ سەرو شوێن دەبێت

پێشمەرگەیەکی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشی کوردستانی ئێران، ماوەی چوار ڕۆژە لە شاری سلێمانی بێ سەروشوێنە و هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووسی ناوبراو لە بەردەست نیە.

بەپێی هەواڵێکی رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، پێشمەرگەیەکی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران بە ناوی (سمکۆ بەنەفشی) تەمەن ٣٥ ساڵ و خەڵکی سنە، لە رۆژی سێشەممە ١٣ی نیسان لە شاری سلێمانی بێ سەروشوێن بووە و هیچ هەواڵێک سەبارەت بە چارەنووسی ناوبراو لەبەردەستدا نیە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەم بارەیەوە بە ڕێکخراوەکەی رایگەیاندووە" کە سمکۆ بەنەفشی رۆژی سێشەمە بە ئۆتۆمبێلێکی حیزبی چۆتە دەرەوەی بنکەکانی ئەو حیزبە لە نزیک سلێمانی و بێ سەروشوێن بووە". 

ئەو سەرچاوەیە هەروەها وتیشی" ئەو ئۆتۆمبێلە کە سمکۆ پێی چۆتە دەرەوەی بنکەکانی کۆمەڵە هەر ئەو رۆژە لە نزیک بەنزینخانەی سارا دۆزراوەتەوە کە هیچ ئاسەوارێکی رووداوی هاتوچۆ یان رووداوێکی دیکەی پێوە نەبووە". 

کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران، سەرەڕای تێپەڕبوونی چوار رۆژ لە بێ سەروشوێن بوونی سمکۆ بەنەفشی تا ئیستا هیچ لێدوانێکی فەرمییان ڕانەگەیاندووە. 


PM:12:21:17/04/2021