خەسرۆ گۆران: پارتی بە تەنیا لە (٢٦) بازنە بەشداری لە هەڵبژاردن دەکات

بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی رایدەگەیێنێت" بۆ ئەوەی دەنگی کورد لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان بەفیڕۆ نەڕوات، پەیوەندییان بە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانەوە کردووە".

خەسرۆ گۆران، بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی لە چاوپێکەوتنێکی تەلەڤزیۆنیدا ڕایگەیاند" تاوەکو ئێستا هیچ هاوپەیمانێتییەک لەنێوان لایەنە سیاسییەکان دروست نەکراوە، ماوەی چەندین مانگە حەماسەتێکی وا نەبووە بۆ دروستکردنی هاوپەیمانی، بڕواش ناکەم لەم چەند رۆژەی ماوە بتوانین جۆرە هاوپەیمانییەک دروست بکەین".

ڕاشیگەیاند" بۆیە  پارتی بە تەنیا لە 26 بازنە بەشداری لە هەڵبژاردن دەکات، هەر لە بەدرە و جەسان و مەندەلی و خانەقینەوە تاوەکو شنگال".
  
خەسرۆ گۆران باسی لەوەشکرد، بارەگاکانی ئێمە، کادیرەکانمان، ئەندامەکانمان، هێزەکانمان و پێشمەرگەکانمان لەو ناوچانە نین کە پێشووتر لەوێ بوون، ئەوە یەکێک لە کێشەکانی ئێمەیە لەگەڵ بەغدا، ئێمە بە فەرمی داوامان لە مستەفا کازمی سەرۆکی حکومەتی عێراق و نەتەوەیەکگرتووەکان کردووە بۆ ئەوەی رێگا خۆش بکەن بۆ ئەوەی بارەگاکانی نەک تەنیا پارتی، بەڵکو هەموو لایەنە سیاسییەکان ئازادانە بگەڕێنەوە بۆ ئەو شوێنانە بۆ ئەوەی بتوانن بە شێوەیەکی چالاکانە بەشداری لە هەڵبژاردنەکان بکەن، ئەوەش مافێکی سرووشتی و دەستووری هەر لایەنێکی سیاسییە. چۆن هەڵبژاردن بکەین لە شوێنێک کە قەدەخەبێت لەوێ بین؟ یان ئازادانە لەوێ نەبین؟ ئێمە نامانەوێت بە دەستبەستراوی بچینەوە ئەو شوێنانە، بەڵام هێشتا هەندێک کۆسپ و تەگەرە هەن، هەندێک لایەنی شۆڤێنی لە کەرکووک و هەندێک شوێنی دیکە لەگەڵ ئەوە نین کە بگەڕێینەوە یان ئاستەنگی لەبەردەم گەڕانەوەی ئەو بارەگایانە و لایەنە سیاسییانە دروست دەکەن.
 
لەبارەی ئەوەی ئایا لەلایەن یەکێتییەوە هیچ پێشنیازێکیان بەدەست گەیشتووە بۆ پێکهێنانی هاوپەیمانی؟ خەسرۆ گۆران وتی" نەخێر، هیچ پێشنیازێکمان بەدەست نەگەیشتووە، تەنیا چەند جارێک قسەمان کردووە ئەوەیش خۆمان پەیوەندیمان کردووە بۆ ئەوەی دەنگی کورد بەفیڕۆ نەڕوات لە ناوچە کوردستانییەکان دەرەوەی هەرێمی کوردستان، دیارە هیچ وەڵامدانەوەیەکیان نەبوو، بۆیە ئێمە بڕیارماندا وەکو پارتی دیموکراتی کوردستان یەکلایەنە لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان بەشداری لە هەڵبژاردنەکان بکەین". 

ئاماژەی بەوەشکرد" هەر لە سەرەتاوە دەستمانکردووە بە دۆزینەوەی بەربژێری چالاک و چاک بۆ ئەو هەڵبژاردنانە کە بە چەندین پرۆسە تێپەڕیون، لە رۆژی دیاریکراو ناوەکان رادەستی کۆمیسیۆن دەکەین".

باسی لەوەشکرد، وەکو پارتی هەوڵدەدەین کورسیەکانمان کەمنەکات و زیاد بکات، کورسی کورد لەو سنوورە دەبێت کە ئێستا هەیەتی و پێشبینی دەکەین ٦٠ بۆ ٦٥ کورسی بێت.


PM:01:55:18/04/2021