پارتی لەبارەی قسەکانی پارێزگاری کەرکوک ڕوونکردنەوە دەدات

ئەنجومەنی سەرکردایەتی کەرکوک- گەرمیانی پارتی ڕایدەگەیەنێت" پارێزگاری نایاسایی سەپێندراوی كەركوك بەوەكالەت (راكان سعید) جارێكی تر تۆمەتى خستۆتەوە ئەستۆی پارتی دیموكراتی كوردستان". 

لەراگەیەنراوێکدا ئەنجومەنی سەركردایەتی كەركوك ـ گەرمیانى پارتی ڕایگەیاند" لە چاوپێكەوتنێكی پارێزگاری نایاسایی سەپێندراوی كەركوك بەوەكالەت (راكان سعید) جارێكی تر تۆمەتى خستۆتەوە ئەستۆی پارتی دیموكراتی كوردستان بەوەی كە چەند تەرمێك لە بارەگای ئەنجوومەنى سەركردایەتى كەركوك ــ گەرمیان دۆزراوەتەوە (4) چوار رۆژ  پاش خیانەتی (16ی ئۆكتۆبەر)".

ئاماژە بەوەشکراوە، "لێرەدا بۆ رای گشتى راى دەگەیەنین كە ئەو تۆمەتە هیچ جۆرە بنەمایەكى نییە و دورە لە راستییەوە، پارتی دیموكراتی كوردستان واقعی سەربازی سەپێندراوى قەبووڵ نەبووەو لەو كاتەوە تاكو ئێستا هیچ كات پارتیمان ئەو پارێزگارە سەپێندراوە نا یاسایی و نا دەستووریەى بە پارێزگار نە ناساندووەو بە هیچ شێوەیەك مامەڵەى لەگەڵ نەكردووە و هەر بۆیەش ئەم جۆرە تۆمەتانە دروست دەكات".

ئاماژە بەوەشکراوە" بارەگاكانى پارتیمان بارەگاى حزبی سیاسییەو چالاكی سیاسی تێدا ئەنجام دەدرا، لە دواى خیانەتى (16ی ئۆكتۆبەر) پارتیمان لە كەركوك نەبووە و بارەگاكانمان داگیركراون و بوونى تەرم لەو شوێنە ئەگەر هەبووبێت هیچ پەیوەندییەكى بە پارتیمانەوە نییە".

ئەنجومەنی سەرکردایەتی کەرکوک- گەرمیانی پارتی ئەوە دەخاتەڕوو، "بە پێچەوانەوە ئەو شوێنە دواى داگیركردنى بۆ ماوەیەك بوبووە شوێنى گرتن و ئەشكەنجەدانی كەوادر و لایەنگران و ئەندامانى پارتیمان".

باسلەوەشکراوە، لە دووبارە بوونەوەى ئەو جۆر لێدوانە نا بەرپرسانە وێراى ئەوەى بە توندى ئەو جۆرە تۆمەتانە رەت دەكەینەوە، دەبێت رێكارى یاسایی بگیرێتە بەر لەسەر ناوبراو، داواش دەكەین لێكۆڵینەوەى ورد بە بەشدارى پارتی لە ژێر چاودێری (UN) لە بابەتەكە بكرێت. ئێمە باش دەزانین كە ئەم قسە و تۆمەتانە بۆ رێگرى كردن و دروستكردنى كۆسپە بۆ گەڕانەوەى پارتیمان بۆ شارى كەركوك.

ئەشخراوەتەڕوو، لێرەدا راى دەگەیەنین راكان حەز بكات یان حەز نەكات با لەوە دڵنیا بێت كە پارتى بۆ كەركوك دەگەڕێتەوە و ئەو ئیدارە نایاساییەش بەم شێوەیەى ئێستا نامێنێت. 


AM:09:13:19/04/2021