بارەگای بارزانی لەبارەی شەڕی میدیانەوە لەگەڵ یەکێتی روونکردەوە دەدات

لەبارەی شەڕی میدیایی پارتی و یەکێتی و سووکایەتی بەیەکترەوە، بارەگای بارزانی ڕاگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت" بارزانی فەرمانی بە ڕاگەیاندن و میدیاکانی حزبەکەی کردووە پێویستە ڕەچاوی بەها و پرەنسیپ و بنەماکانی ڕەوشتبەرزی بکرێت." 

لە ڕاگەیەنراوێکدا کە کۆپییەکی دەستی سپی کەوتووە، هاتووە " لەبارەی دیاردەی نامەقبووڵی جنێودان و بەكارهێنانی زمانی زبر لە ڕاگەیاندن و تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان كە بە داخەوە ماوەیەكە لەنێوان لایەنە سیاسییەكاندا لە ئارادایە، سەرۆك بارزانی فەرمانی بە ڕاگەیاندن و میدیاكانی پارتی دیموكراتی كوردستان كردووە كە پێویستە لە چاڵاكی و كاری ڕاگەیاندندا ڕەچاوی بەها و پڕەنسیپ و بنەماكانی ڕەوشتبەرزی بكرێت و ئامانجی سەرەكیی پاراستنی بەرژەوەندییەكانی گەلی كوردستان بێت".

هەروەها جەخت دەکاتەوە، هەر بەپێی ئەو فەرمانە هەر ئۆرگانێكی پارتی پابەندی بەها و ئامانجەكانی پارتی و پڕەنسیپە گشتییەكان نەبێت ئیجرائاتی لەگەڵدا دەكرێت."  
  
هاتووشە "هەر لێرەشدا ڕایدەگەیێنین كە سەرۆك بارزانی، پێشتر و ئێستا و لە داهاتووشدا خۆی بە پێشمەرگە دەزانێت و، پێشمەرگایەتی لە سەرووی هەموو جۆرە پێناسە و پلە و پایە و، بە گەورەترین شانازی دادەنێت. بەلای سەرۆك بارزانییەوە خوێنی شەهیدان و سەنگەری پێشمەرگە مەرجەعن بۆ هەموو خاوەن قەزییە و نیشتیمانپەروەر و وڵاتپارێزانی كوردستان."  

ڕۆژی ١٩ ی نیسان، ئاڵا تاڵەبانی، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا لە کەناڵی "الهعد"ی عێراق وتی" مەسعود بارزانی مەرجەعی سیاسیی هەموو کورد نییە بەڵکو مەرجەعی حزبەکەیەتی"ئەمەش کاردانەوەی میدیای پارتی لێکەوتەوە و دەستیان بەهێرشکردنە سەر ئاڵا تاڵەبانی کرد.  



AM:12:29:21/04/2021