پارەی یەکەم کەشتی نەوتی كوردستان وەرگیرا

تانەر یڵدز ، وەزیری وزەی توركیا لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند داهاتی نەوتی یەکەم کەشتی كوردستان 97 ملیۆن دۆلار بووەو ئێستا 93 ملیۆنی لە هالك بانكی توركی دانراوە.

تانەر یڵدز، وەزیری وزەی تورکیا لە لێدوانێکیدا رایگەیاند هەتا ئێستا 3 کاروان نەوتی هەرێمی کوردستان فرۆشراوە و کاروانی چوارەم لە ئێوارەی 22-6-2014 ەوە دەستکراوە بە بارکردنی.

یڵدز ئاشکرایکرد نزیکەی 93 ملیۆن دۆلار لە داهاتی کاروانی یەکەم گەشتووەتە ناو حسابی بانکی پەیوەندیدار لە هاڵک بانک.

وەزیری وزەی تورکیا ئەوەشی خستەڕوو، کە دەستکەوتی تورکیا لە هەر بەرمیلێکدا یەک دۆلارە. هاوکات پێی وابوو بەکارهێنانی بۆری نەوتی کەرکووک - یومورتالیک لەلایەن هەرێمی کوردستانەوە گرنگە و باری سەر شانی حکومەتی ناوەندی عێراقیش ئاسان دەکات.

22-5-2014 دەستکرا بە فرۆشتنی نەوتی هەرێمی کوردستان، کە پێشتر رەوانەی بەندەری جەیهان کرابوو لە تورکیا.



PM:01:55:23/06/2014