ناکۆیەکانی پارتی و یەکێتی لەسەر کەرکوک دەگەنە لوتکە

ناکۆکییەکانی پارتی و یەکێتی لەسەر چۆنێتی بەڕێوەبردنی شارەکەو پرسی نەوت و هەڵوێست بەرامبەر شەڕ دەگاتە لوتکەو پارتیش وەک پەرچەکردارێک پارێزگاری هەولێر بێ بەشداری یەکێتی رادەگەیەنێت.
سەرچاوەیەکی ئاگادارو نزیک لە مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان بە سپی میدیای راگەیاند کە جیاوازی و ناکۆکییەکی زۆر لە نێوان پارتی و یەکێتی لەسەر پرسی کەرکوک لە ئارادایە، سەرچاوەکە دەڵێت "ئەمەش پارتی ناچار کرد کە بەبێ یەکێتی حکومەتی خۆجێی پارێزگای هەولێر پێکبهێنێت".
سەبارەت بەو بیروڕا ناکۆکانەی نێوان هەردوولا لەسەر پرسی کەرکوک، سەرچاوەکەی سپی باس لەوە دەکات کە پارتی پێشنیاری کردووە لەگەڵ یەکێتیدا پێکەوە بە نیو بەنیو پارێزگای کەرکوک بەڕێوە ببەن، بەڵام یەکێتی رەتیکردۆتەوەو جەختی لەسەر ئەوە کردۆتەوە کە لە دوا هەڵبژاردندا یەکێتی نیوەی کورسیەکانی هێناوە، چۆن بە (نیو بە نیو) بەڕێوەببرێت.
بەپێی ئەو زانیاریانە دواتر پارتی باسی لەوە کردووە کە ئەوان رازیین بە هاوشێوەی حکومەتی هەرێم پارێزگای کەرکوک بەهەموو لایەنەکان ببرێت بەڕێوە، بەڵام یەکێتی ئەوەشی رەتکردۆتەوە.
لەسەر پرسی بەشداریکردنی شەڕی داعش و گرووپە چەکدارەکان، سەرچاوەکەی سپی باس لەوە دەکات کە پارتی یەکێتی ئاگادارکردۆتەوە کە ئەو رێبازەی یەکێتی گرتوویەتییە بەر لەو ناوچانەی بەدەستیەوەیە لەکەرکوک و گەرمیان هەرێم دەکات بە بەشێک لەو شەڕەی لە عێراق لەنێوان سونەو شیعە لە ئارادایە، هاوکات یەکێتی زۆر کەوتۆتە ژێر کاریگەری ئێرانەوەو ئەو هەماهەنگییەی لەگەڵ بەغدادا هەیەتی لەژێر کاریگەری ئێراندایەو لەئەنجامدا کورد دەکات بە لایەنێکی شەڕەکە، بەپێی سەرچاوەکەی سپی پارتی یەکێتی لەم سیاستەی ئاگادارکردۆتەوە، بەڵام ئەوان هەر سوورن لەسەر پەیڕەوکردنی ئەو سیاسەتە.
سەبارەت بە پرسی نەوت لە پارێزگاکەدا، پارتی پێشنیاریکردووە کە نەوتی کەرکوک ببەسرێتەوە بە نەوتی هەرێمەوەو بنێرێتە دەرەوە لەرێگای هێڵی نەوتی هەرێمەوە، بەڵام یەکێتی رەتیکردۆتەوەو بە پارتیان راگەیاندووە کە ئەوان بەتەواوی ئاگایان لە دۆسییەی نەوتی هەرێمـیش  نییەو تەنها ئاگایان لەبەشێکی ئەو دۆسیەیە هەیە.
سەرچاوەکەی سپی جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە ئەم پرسە گرنگانە بوونەتە هۆی قوڵبوونەوەی تەواوی پەیوەندییەکانی نێوان پارتی ویەکێتی.   



PM:10:35:23/06/2014