تەندروستی سلێمانی هۆکارەکانی بەرزبوونەوەی ڕێژەی توشبوون بە کۆرۆنا ئاشکرا دەکات

جێگری بەڕێوەربەری گشتی تەندروستی سلێمانی ڕایدەگەیەنێت" هۆکارەکانی بەرزبوونەوەی ڕێژەی توشبوان بۆ پابەند نەبوون بە ڕێنماییەکان و نەبوونی ڕۆشنبیری تەندروستی تاک دەگێڕێتەوە". 

دکتۆر هێرش سەید سەلیم جێگری بەڕێوەربەری گشتی تەندروستی پارێزگای سلێمانی بە دەنگی ئەمریکای ڕاگەیاند" تێڕوانینی هاوڵاتیان بۆ ڤاکسینەکە وەک جاران نیە و لە ئێستادا متمانەیان بە وەرگرتنی ڤاکیسنەکە هەیە، خەڵکێکی زۆر لە سنوری پارێزگای سلێمانی بەرەو وەرگرتنی ڤاکسین دەچن بە هەموو جۆرەکانی ڤاکسینە".

دەشڵێت" لە ڕێگەی ئۆنلاینەوە خەڵک دەتوانن ناوەکانیان تۆماربکەن پاشان لە ڕێگەی کورتە نامەیەکەوە ئاگادار دەکرێنەوە بۆ وەرگرتنی ڤاکسین". 

سەبارەت بە گرتنەبەری ڕێگەوشوێنی توندوتۆڵ لەلایەن لایەنی پەیوەندیدار و حکومەتەوە دکتۆر هێرش باسی لەوەکرد، بەستنی دەمامک بە زۆرە ملێ بە شێوەیەکی پراکتیکی جێبەجێ ناکرێت لە شوێنە گشتیەکان و بازاڕەکاندا خەڵک گوێڕەیەڵ نابن، حکومەت خۆشی ناتوانێت کۆنتڕۆڵی ئەو بارودۆخە بکات و سەپاندنی قورسە.

دکتۆر هێرش سەبارەت بە بۆنەکان لە هەرێمی کوردستان کە هاوڵاتیان بۆ یادکردنەوەیان لە شوێنە گشیەکان کۆدەبنەوە وتی" لەگەڵ ئەوەی کە بۆنەکان هۆکارێکن بۆ بەریەککەوتنی زیاتر کە ئەمەش دەبێتە هۆی تەشەنەسەندنی زیاتری ڤایرۆسەکە، بەڵام ئامارەکانی توشبوون بەشێوەیەک بەرز نەبونەتەوە دەتوانم بڵێم جێگیرن، پاشان لە مانگی ڕەمەزاندا هاوڵاتیان کەمتر دەچنە دەرەوە". 


AM:09:11:02/05/2021