کەناڵی رووداو: لە قامشلۆ ژمارەیەک هەواداری پەکەکە هەوڵیاندا بێنە سەر نووسینگەکەمان

کەناڵێ ردووداو بڵاویکردەوە کە ئەمڕۆ شەممە ٨ ی ئایار" ژمارەیەک گەنج هوتافی تایبەت بە پاڵپشتیکردن لە پارتی کرێکارانی کوردستان- پەکەکە و دژایەتیکردنی تۆڕی میدیایی رووداویان دەگوتەوە". 
 
فەهد سەبری، بەرپرسی نووسینگەی کەناڵەکە رایگەیاندووە" ئەمڕۆ شەممە نزیک کاژێر ١١:٣٠ ژمارەیەک گەنج کە هوتافی پاڵپشتیکردن لە پەکەکەیان دووبارە دەکردەوە هەوڵیاندا هێرشبکەنە سەر نووسینگەی رووداو لە قامشلۆ". 
 
فەهد سەبری دەشڵێت " ئەو گەنجانە لە خۆپێشاندانێکی بەردەم بارەگای نەتەوەیەکگرتووەکاندا ئامادەبوون و دواتر بە ئاراستەی نووسینگەی تۆڕی میدیایی رووداو بەڕێکەوتن و هوتافیان دژی رووداو دەگوتەوە". 
  
فەهد سەبری دەڵێت، لە کاتی دروستبوونی قەرەباڵغییەکەدا پەیوەندییان بە ئاسایشەوە کردووە و دوای ئەوە هێزێکی ئاسایش چووەتە بەردەم نووسینگەی رووداو. 
 
لە کۆتاییدا ئەو میدیایە دەڵێت " رووداو دەزگایەکی مۆڵەتپێدراوە لە رۆژئاوای کوردستان، لەبەرئەوەش پاراستنی هاوکارانی رووداو و نووسینگەی رووداو لە شاری قامشلۆ لە ئەستۆی ئیدارەی خۆسەری دیموکراتدایە". 



PM:03:51:08/05/2021