سەنتەری گەردوونی نێودەوڵەتی ئەمڕۆ شەممە رایگەیاند" لاشەی مووشەکە چینییەکە ئەمشەو ٤ جار بەسەر وڵاتانی عەرەبیدا تێدەپەڕێت و ٦ وڵاتی عەرەبی دوور دەبن لەهەر مەترسیەک، ئەو وڵاتانە عێرقییان تێدا نییە".
ئەو ناوەندە گەردوونییە لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر لە پۆستێکدا نووسیوویەتی " یەکەم تێپەڕینی مووشەکەکە کاتژمێر ٦:٣٠ ی ئەم ئێوارەیە دەبێت و بەسەر ئاسمانی وڵاتانی کەنداودا تێدەپەڕێت، دووەمجار کاتژمێر ٨:٠٣ ی شەو دەبێت بەسەر ئاسمانی میسر و شامدا تێدەپەڕێت، سێهەم و چوارجار بەسەر وڵاتانی مەغریبی عەرەبیدا تێدەپەڕێت ئەویش لە کاتژمێر ٩:٣٠ ی شەو کاتژمێر ١١ ی شەو.
بەپێی ناوەندە فەلەکییەکە ئەو چوار جار تێپەڕینی مووشەکەکە مەترسیدار نییە لەسەر ئەو وڵاتانە و کاتی کەوتنە خوارەوەی مووشەکەکە نییە.
لە پۆستێکی تردا ئەو ناوەندە فەلەکییە ئاشکرای دەکات کە ٦ وڵاتی عەرەبی لە بازنەی مەترسیدا نین، ئەوانیش ئیمارات و قەتەر و بەحرەین و کوێت و لوبنان و یەمەنە.
دیارە ناونەهاتنی وڵاتانی تری عەرەبی لەوانەش عێڕاق، واتە ئەگەر هەیە مووشەکەکە لە یەکێک لەو وڵاتانە بکەوێتە خوارەوە.