فەرمانی دەستگیرکردن بۆ دادوەرێکی ناسراوی شاری سلێمانی دەردەچێت

ماوەیەک پێش ئێستا بە تۆمەتی "بەرتیل" وەرگرتن فەرمانی دەستگیرکردن بۆ دادوەرێکی ناسراو و باڵای شاری سلێمانی دەرچووە، دواتر ئەو دادوەرە هەڵهاتووە بۆ وڵاتی تورکیا.

بەپێی زانیارییەکانی ماڵپەڕی (سپی)، ئەو دادوەرە ماوەیەک دادوەر بووە لە لیژنەی لێبووردنی گشتی سنووری پارێزگای سلێمانی، هەروەها ئەندامی (ئیستیئناف)ی سنووری شاری سلێمانی بووە، دواتر سەرۆکی دادگای گومرگی پارێزگای سلێمانی بووە.

هێزە ئەمنییەکانی سنووری پارێزگای سلێمانی "دەڵاڵێک"ی ئەو دادوەرەیان دەستگیرکردووە کە دەنگۆی ئەوە هەیە مامەڵەی " بەرتیل خواردنی" لە نێوان کاسبکارەکان و دادوەرەکان ڕێکخستووە لە گومرگ.

هەر بەپێی زانیارییەکانی (سپی)، کوڕێکی ئەو دادوەرە کە پیشەی پارێزەرە دەستگیرکراوەو دواتر ئازاد کراوە، تا ئێستا هۆکاری دەستگیرکردنەکەی نەزانراوە.

سەرچاوەیەکی پسپۆڕی بواری دادوەری بە ماڵپەڕی (سپی) ڕاگەیاند" حکومەتی هەرێمی کوردستان دەتوانن لەڕێگەی پۆلیسی نێودەوڵەتی دادوەری ناوبراو لە وڵاتی تورکیا دەستگیر بکەن و ڕادەستی دادگاکانی هەرێمی کوردستانی بکەنەوەو بۆ یەکلایی کێشەکەی".


AM:11:43:10/05/2021